باڵوێزی ئێران لە عێراق لە لێدوانێکدا ئاستی باڵای ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تاران و بەغدای لێک دایەوە و خوازیاری پەرەدان بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی دوو وڵات بوو.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە "بغداد الیوم"، محەمەدکازم ئالی سادق باڵوێزی ئێران لە عێراق ئەوڕۆ سێ‌شەممە لە لێکداونێکدا وێڕای لێکدانەوەی ئاستی باڵای ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تاران و بەغدا، وتی: پەیوەندی ئابووری نێوان دوو وڵات زۆر باشە، بەڵام ئێمە خوازیاری پەرەپێدانی زیاتری ئەم پەیوەندییەین.

باڵوێزی ئێران ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان دوو وڵاتی ١٠ تا ١١ ملیارد دۆلار لێکدایەوە و جەختی کرد: عێراق وڵاتێکی گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوینە و پەیوەندیی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی زۆر گرنگی لەگەڵ ئێران هەیە.

ئالی سادق وتیشی: سنوورەکانی ئێمە لەگەڵ عێراق دوور و درێژە و هەر ئەمەش بۆتە هەوێنی پێداگری لە هاوکاریی بەردەوامی نێوان دوو وڵات.