وته‌بێژی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ له‌ لێدوانێكدا وتی‌: "به‌وردی چاودێری دوایین پێشهاته‌كان و ھێرشه‌كانی سه‌ر شاری حه‌له‌ب ده‌كه‌ین".

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، وته‌بێژی هێزه‌كانی سوریای‌ دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" له‌سه‌ر هێرشی‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ نزیك له‌ توركیا بۆسه‌ر شاری‌ حه‌له‌بی سوریا هاته‌ ده‌نگ و رایگەیاند كه‌ "به‌وردی چاودێری دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ین".

وتیشی‌: "ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ پشت ئه‌م ھێرشانه‌وه‌یه‌ و هێزه‌كانمان به‌پێی پێشهاته‌كان ده‌جووڵێن و ھێزه‌كانمان بۆ ھه‌ر ئه‌گه‌رێك له‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشیدان".

وته‌بێژی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ رایگه‌یاند كه‌ "کاری لەپێشینەی ئێمە پارێزگاریکردنە لە گەل و ناوچەکەمان، بۆیە ئەگەر دۆخەکە بخوازێت دەستێوەردان دەکەین".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی سووریا نزیك له‌ توركیا كه‌ دیارترینیان ده‌سته‌ی‌ ته‌حریر شام بوو، دوای شه‌ڕكردن بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ 48 كاتژمێر كه‌ سه‌دان كوژراو و برینداری له‌ هه‌ردوولا و هاووڵاتی مه‌ده‌نی لێكه‌وته‌وه‌، چوونه‌ ناو شاری حه‌له‌ب و ده‌ستیان به‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كدا گرت.