بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پێشوازی لە هەواڵی کۆتایی هاتنی دەستدرێژی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر لوبنان کرد.
بەقایی بە ئاماژەدان بە هەڵوێستی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە پێویستی ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕی غەززە و لوبنان و جموجۆڵە دیپلۆماسییە بەرفراوانەکانی وڵاتەکەمان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە لە ماوەی ١٤ مانگی ڕابردوودا ئاماژەی بەوەدا کە دەرئەنجامی شەڕخوازی و جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، بە پاڵپشتی تەواوی ئەمریکا و هەندێک لە حکومەتەکان ئەورووپا بە شەهیدبوونی ٦٠ هەزار کەسی بێتاوان و برینداربوونی ١٢٠ هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە سێ ملیۆن و نیو کەس لە گەلی ستەملێکراوی فەلەستین و لوبنان و وێرانکارییەکی بەرفراوان بوو.
وتیشی: ئەمڕۆ جیهان چاوەڕێی دادگاییکردن و سزادانی تاوانبارانی ڕژێمی داگیرکەرن.
بەقایی هەروەها جەختی لە بەرپرسیارێتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا و گوشاری کاریگەر بۆ سەر ڕژێمی زایۆنیستی دەستدرێژکار بۆ ڕاگرتنی شەڕی دژ بە غەززە کردەوە.
سەرچاوە هەواڵەکان ڕایانگەیاند کە کاتژمێر 5:30 بەیانی بە کاتی تاران و 4:00 بە کاتی بەیروت بە فەرمیی ئاگربەستەکەیان لە لوبنان جێبەجێ دەکرێت.