بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆمەڵ ڕایگەیاند: سورین لەسەر بڕیاری بایكۆتكردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، كە لە "هەڵبژاردنێكی ساختە و دیزاینكراودا" بەرهەم هاتوە.
هەروەها دەشڵێت: "بڕیارمانداوە بە شێوەیەكی توندوتۆڵ خۆمان بۆ قۆناغی ئایندە و ئاڵنگارییەكانی داهاتوو ئامادە بكەین".
ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە سەرپەرشتیی عەلی باپیر كۆبوونەوەی ئاسایی لەشاری هەولێر ئەنجامدا و لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "دوبارە جەخت لە بڕیاری بایكۆتكردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی دیزاینكراوی كوردستان دەكەینەوە، كە لە هەڵبژاردنێكی ساختە و دیزاینكراو بەرهەم هاتوە و كۆمەڵی دادگەری تێدا بەئامانج گیراوە".
ئاماژەی بەوەشكرد، "هەڵبژاردنی دیزاینكراوی پەرلەمانی كوردستان بەجۆرێك بوە، تەواوی پڕۆسەی هەڵبژاردنی لە كوردستان لەكەداركرد و ئیرادەی خەڵكی خستە سەودا و مامەڵەوە، لە ئەنجامیشدا ئەو حزبانەی زیاتر لە 30 ساڵە حكومڕانن و هەرێمەكەیان گەیاندوەتە دۆخێكی ناهەموارەوە، دەنگەكانیان زیادی كرد، بەڵام هێزێكی وەكو كۆمەڵی دادگەری كە بەردەوام لە خەمی خەڵكدا بوە و بە هەڵوێستەكانی پشتیوانیی خەڵكی كردوە دەنگەكانی كەمی كرد.