ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەهدوڵڵای عێراق وتی: ئێران لە پرسی فەلەستیندا ڕۆڵی یەکەمی هەیە. ئێمە بەرەوڕووی وڵاتانێکی عەرەبین کە تەنانەت هێندەی تەقاندنەوەی گولەیەکی چکۆلەش پاڵپشتی لە فەلەستین ناکەن.

سەید هاشم حەیدەری ناسراو بە ئەبووباقر و جێگری کەلتووری حەشدی شەعبی لە لێدوانێک بۆ هەواڵنێری ئاژانسی مێهر سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی عێراق و پێوەندیی گرووپگەلی بەرخۆدانی ئەو وڵاتە وتی: پێکهاتنی گرووپەکانی عێراقی بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ بووە و سەرەتا لە دژی ئەمریکا وەستاوە و پاش سەرهەڵدانی داعش لە سەر فتوای ئایەتوڵڵا سیستانی حەشدی شەعبی پێکهات و پاش ئەوە گرووپەکان بەپێی شێوەی هەڵسوکەوتیان دابەش بوون و وردە وردە ئەندامانی گرووپەکان بەشداری هەڵبژاردنەکان بوون و هاتنە ناو کاروباری دەوڵەتەوە. لەو ڕووەوە بەرخۆدان خاڵی هاوبەشی گرووپەکانی بەرخۆدانی عێراقە و هاوکات هەندێ ناکۆکی سیاسیشیان پێکەوە هەیە. لەمناوە هەندێ گرووپی بەرخۆدان بەتایبەت ئەوانی لە کاروباری دەوڵەتدان بەهۆی گوشاری ئەمریکا لە سەر دەوڵەتی عێراق بەشداری شەڕ لە دژی ڕژیمی زایۆنی نەبوون و ئەوانی لە دژی ڕژیمی زایۆنین هەمان گرووپگەلێکن کە لە کاروباری دەوڵەتی بەدوورن،

ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەهدوڵڵای عێراق لەبارەی هەڵوێستی مەرجەعییەت سەبارەت بە گرووپگەلی بەرخۆدان ڕوونی کردەوە: ڕوانینی مەرجەعییەت بەتایبەت ئایەتوڵڵا سیستانی هاوئاهەنگ لەگەڵ سیستەمی سیاسی و دەوڵەتە و لای وایە نابێ لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت چەک بەکار بهێنرێت و بەوەشەوە هیچکات ڕاگەیێندراوێکی فەرمی لە دژی گرووپگەلی بەرخۆدانی عێراق لە لایەن مەرجەعییەتەوە دەرنەکراوە.

ئەبوو باقر سەبارەت بە هەڵوێستی گەلی عێراق هەمبەر بە پاگەندەی ئەمریکی لە دژی ئێران و ناساندنی بە دوژمنی یەکەمی جیهانی عەرەب، ڕایگەیاند: خەڵکی عێراق هیچکات بڕوا بە درۆکانی ئەمریکا دژی ئێران ناکەن. ڕەنگە هەندێک لە بلیمەتانی عێراق بڕوا بەو پاگەندانەی ئەمریکا بکەن، چونکە ئەوان بەرەوڕووی میدیای ئیسلامی نین و ئەمەش نیشاندەری لاوازیی کاری میدیایی گرووپگەلی بەرخۆدان و شیعەی عێراقە. بە گشتی عێراق لەباری میدیاییەوە لاوازە و میدیایەکی ناوەندیش وەک تەلەفزیۆنی فەرەمی لەو وڵاتەدا بوونی نییە و خەڵکی زیاتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵە ئاسمانییەکان کەڵک وەردەگرن. لەلایەکی ترەوە میدیای کۆماری ئیسلامی لە دەرەوە لاوازە و هەر بۆیە بلیمەتان لە دەرەوە بڕوا بە پاگەندەکانی ئەمریکا هەمبەر بە ئێران دەکەن. لەو سۆنگەوە پێویستە بەرخۆدان لە بەرەی میدیاییدا بەهێزتر دەرکەوێت و میدیاکان تەرکیزی زیاتر بخەنە سەر ڕۆڵی بەرگرانەی ئێران وەک یەکەمین نیزامی لایەنگری فەلەستین و بەرەی بەرخۆدان.

سەید هاشم حەیدەری سەبارەت بە چۆنیەتی دامەزرانی بزووتنەوەی عەهدوڵڵای عێراق ڕاشیگەیاند: ئەو بزووتنەوەیە چەند مانگ پاش شەهیدبوونی سەردار قاسم سولەیمانی و لە ڕاوێژ لەگەڵ کەسانێکی وەک سەید حەسەن نەسروڵڵا و بە هەڵوێستی نەتەوەیی و ئیسلامی و بە ئامانجی ڕاپەراندنی کاری فەرهەنگی، ئایینی و کۆمەڵایەتی دامەزرا و ئەمەش بەپێی هەژاری و لاوازیی جیهانی عەرەب لەباری بوونی بەرەی فەرهەنگی بەرخۆدان بوو. واتە هەر وەک چۆن مووشەکی سەربازیمان هەیە، دەبێ مووشەکی کەلتووری و فەرهەنگیشمان هەبێت و لەو سۆنگەوە وەک شەهید نەسروڵڵا دەیانفەرموو کاری ئێمە کارێکە وەک هەنگاوەکانی ئیمام خومەینی و شتێکە وەک بەسیج کە لە منداڵی ٦ ساڵەوە تا گەنجی ١٤ ساڵە لە خۆ دەگرێت. هاوکات ئەم بزووتنەوەیە قوتابخانەگەلی دواناوەندی، زانکۆکان، عەشیرەکان و ... لەخۆ دەگرێت.

جێگری کەلتووری حەشدی شەعبی لەبارەی ڕۆڵ و ئۆپەراسیۆنەکانی گرووپگەلی بەرخۆدانی عێراق لە پاڵپشتی لە فەلەستین و ئیدانەکردنی ڕژیمی زایۆنی بەتایبەت لە دوای گەردەلوولی ئەقسا، جەختی کرد: لە عێراقدا سەرەڕای پێکهاتەی ئاڵۆزی سەربازیی و هێرشی ناوە ناوەی گرووپەکان بۆ سەر مۆڵگەی ئەمریکا و زایۆنییەکان، دەبینین کە هەم دەوڵەت و هەم خەڵک و هەمیش مەرجەعییەت تێکرا لە ڕژیمی زایۆنی ئیدانە دەکەن و پاڵپشتی لە گەلی غەزە دەکەن و بۆ هەموو بۆنەکان مەرجەعییەت ڕاگەیێندراو و بەیاننامەی دەرکردووە.

ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەهدوڵڵای عێراق سەبارەت بە سیاسەتی دزێوی تیرۆر و هەوڵی ڕژیمی زایۆنی بۆ لەناوبردنی فەرماندەکانی بەرخۆدان و بەردەوام‌بوونی بەرخۆدان سەرەڕای ئەو سیاسەتە دزێوە، ڕوونی کردەوە: ڕێگەی پێغەمبەر و ئەهلی بەیتی بە شەهیدبوون کۆتایی پێ دێت و بەوەشەوە ئیسلام نەوەستاوە و درێژەی هەیە و ئەمە سوننەتی خوداوەندییە. لە لایەکی ترەوە بنەمای دامەزرانی بەرخۆدان پشتئەستوور بە کەسایەتییەکی تایبەتی نییە، بەڵکوو کارێکی ڕێکخراوەییە و بواری سەرکەوتن بە کەسێکەوە نابەسترێتەوە. هاوکات خوێنی شەهیدان خۆی کاریگەرە لە درێژەدان بە ڕێگەی ئەوان، چونکە بەرخۆدان بەرەیەکی باوەڕمەندە و خاوەن پێکهاتەیەکی ئیسلامییە.

ناوبراو هەروەها لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و کاریگەریی لە سەر عێراق، وتی: بۆ ئێمە وەک ئیمام فەرمووی ئەمریکا هەمان ئەمریکایە و دیموکرات و کۆماریخوازی بۆ نییە، چونکە سەرۆک کۆماری ئەمریکا بڕیاردەر نییە، بەڵکوو ئەوە کۆمپانیاگەلی نەوتی و گازی و چەک و چۆڵ و میدیاکانن بڕیار دەدەن. و سیاسەتی گشتیی ئەمان داگیرکاری و هێژمۆنی و پاڵپشتی لە ڕژیمی زایۆنییە. ئەگەرچی بە هاتنی ترامپ ڕەنگە پاڵپشتییەکان بۆ ڕژیمی زایۆنی زیاتر بکرێ و شەڕەکە تەشەنەدارتر بێت و ئەمریکا هەمدیسان پەیجۆری گووراندنی پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی نوێ یان هەمان ئیسرائیلی گەورە بێت.

ئەبوو‌باقر لەبارەی هەلومەرجی گرووپگەلی بەرخۆدان پاش یەکساڵ لە گەردەلوولی ئەقسا، وتیشی: لەم ماوەیەدا گرووپگەلی عێراقی و یەمەنی شان بە شانی حزبوڵڵای لوبنان و حەماس دوژمنی زایۆنیان کردۆتە ئامانج. لە لایەکی دیکەوە ئێران سەرەڕای پاڵپشتییەکانی لە گرووپەکانی بەرخۆدان خۆی لە دوو ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستیی ١ و ٢دا نیشانی دا کە هێشتاش لە پرسی فەلەستیندا ڕۆڵی یەکەم و بەرچاوی هەیە. لە کاتێکدا کە ئێمە بەرەوڕووی وڵاتنێکی عەرەبین کە تەنانەت هێندەی تەقاندنەوەی گولەیەکی چکۆلەش پاڵپشتی لە فەلەستین ناکەن. ئەوان تەنانەت پاش ساڵێک لەو گەردەلوولی ئەقسا هیچ یارمەتییەکی وەک نان و ئاویشیان بۆ گەلی فەلەستین نەناردووە.