نێچيرڤان بارزانى و محەمەد شیاع ئه‌لسوودانی" دۆخى عێراق و كوردستانیان، تاوتوێ کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە "محەمەد شیاع ئه‌لسوودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کرد.
لە کۆبوونەوەيه‌كدا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومەتی هەرێمى كوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا، هەروەها بارودۆخی وڵات و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، تاوتوێ کران.
سەرۆک وەزیران ئه‌لسوودانی، پیرۆزبایی لە هەرێمى كوردستان کرد بۆ سەرکەوتنى هەڵبژاردنی پەرلەمان و ستایشی بەشداريی بەرفراوانی هاووڵاتیانی هه‌رێمى كوردستانی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا كرد کە نیشانەی هۆشیاريی سیاسيی گەلی کوردستان و پابەندبوونيه‌تی بە پرۆسەی دیموکراسییەوه‌.
هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگيی بەهێزکردنی میکانیزمەکانی هەماهەنگيی هاوبەش و پێویستيی چارەسەرکردنی دۆسیە هاوبەشەکانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان لە ڕێگەی دیالۆگی بیناتنەر و پابەندبوون بە دەستووری عێراقه‌وه‌، کردەوە.

هه‌روه‌ها هاوڕا بوون لەسەر گرنگيی بەردەوامبوونی گفتوگۆ بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانى نێوانيان.
لاى خۆیەوە، "نێچیرڤان بارزانی" ستایشی پشتگیريی سەرۆک وەزیران ئه‌لسوودانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراقی کرد بۆ سه‌رخستنى هەڵبژاردن و جەختی لەسەر گرنگيی بەهێزکردنی هاوکاريی نێوان هەولێر و بەغدا لە قۆناغی داهاتوودا کردەوە.
لە ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى کۆبوونەوەکەدا پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق تاوتوێ کران. له‌مباره‌يه‌وه‌ هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستيی دوورخستنەوەی وڵات لە لێكه‌وته‌كانى ململانێی هەرێمی و کاری هاوبەش بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کردەوە.
پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و چۆنیەتيی پەرەپێدانیان، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەردوولا، ئاماده‌ى بوون.