کەماڵ حسێن‌پوور نوێنەری سەردەشت و پیرانشار داوای لە وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی کرد کە ڕۆژی ٢٠ ڕەشەممە وەک "ڕۆژی جل‌وبەرگی کوردی" لە ڕۆژژمێری نەتەوەیی ئێراندا تۆمار بکرێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، کەماڵ حسێن‌پوور لە نامەیەکدا بۆ عەباس ساڵحی وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی بە ئاماژە بە ڕەنگاڵەیی نەتەوەیی ئێران وەک کۆڵکەزێڕینەیەک بە ئیتنیک و گەلانی جۆراوجۆر، نووسی: کوردەکان وەک یەکێک لە کۆنترین و ئێرانی‌ترین ئیتنیکەکان لە پانتایەکی بەربڵاوی فەرهەنگی ئێران بە پێشینەیەکی دەوڵەمەندی مێژوویی-فەرهەنگی یەکێک لە جوانترین ڕەنگەکانی ئەو کۆڵکەزێڕینەیەن.

نوێنەری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار جەختی لەوەش کرد: ٢٠ی ڕەشەممە ڕۆژی بەرزڕاگرتنی جل‌وبەرگی کوردییە و دەرفەتێکە بۆ ڕاپەڕاندنی پلانگەلی جۆراوجۆر فەرهەنگی-هونەری و ناساندنی زیاتری کوردەکان و پەرەدان بە فەرهەنگی شوناسی ئێرانی. کەواتە چاوەروان دەکرێت هەنگاوی پێویست بۆ تۆمارکرانی ڕۆژی ٢٠ی ڕەشەممە وەک ڕۆژی جل‌وبەری کوردی لە ڕۆژژمێری نەتەوەیی لە لایەن ئەنجومەنی فەرهەنگی گشتیی وڵات هەڵگیرێت.