ئەمینداری گشتیی نوێی حزبوڵڵا خاوەن پێشینەی چالاکیی ٥ دەیەیی لە بوارگەلی فەرهەنگی و جیهادی لە بزووتنەوە ئیسلامییەکانی لوبنانە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، شێخ نەعیم بێن محەمەد نەعیم قاسم زانای ئایینی شیعە و سیاسەتوانی لوبنانی پاش تیرۆری شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، لە لایەن ئەنجومەنی سەرکردەیی حزبوڵڵا وەک ئەمینداری گشتیی نوێی ئەو بزووتنەوەیە هەڵبژاردرا.

ئەو لە ساڵە ١٩٥٣ لە ناوچەی بەستەتولتەحیا لە بەیرووت لەدایک بووە، باوکی بە ڕەچەڵەک خەڵکی ناوچەی کەفرفیلای سەر بە هەرێمی تەفاح لە باشووری لوبنان بوو. ئەو خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆسی و مەستەری لە بواری کیمیایە و هەر لە ساڵەکانی دەیەی ٧٠ی سەدەی بیستی زایینی تەڤڵی گرووپگەلی ئیسلامی بوو و لەگەڵ دامەزرانی بزووتنەوەی بێ‌بەشان هاوکارییەکانی لەگەڵ ئیمام مووسا سەدر دەست پێکرد.

لە ساڵی ١٩٧٠ چووە کولێژی زانستە پەروەردەییەکانی زانکۆی لوبنان و لقی کیمیای بە زمانی فەڕەنسی هەڵبژارد و پاش کۆتایی خوێندنەکەی بۆ ماوەی ٦ ساڵ لە قوتابخانەی دواناوەندی لوبنان وانەی وتەوە و لە ١٩٧٧ بڕوانامەی مەستەریی لە لقی کیمیادا لە هەمان زانکۆ وەرگرت.

شێخ نەعیم هاوکات سەرۆکایەتی جەماوەری ڕاهێنانی ئایینیو ئیسلامی بۆ ماوەی ١٢ ساڵ (لە ١٩٧٤ تا ١٩٨٨)ـه‌وە لە ئەستۆدا بوو و پاش پێکهاتنی بزووتنەوەی ئامل وەک لقی سەربازیی بزووتنەوەی بێ‌بەشانی لوبنان بەدەستی ئیمام مووسا سەدر لە ١٩٧٤ تەڤڵی ئەو کۆمەڵەیە بوو و وەک جێگری بەرپرسی فەرهەنگی لەو بزووتنەوەیەدا هەڵبژاردرا و پاشان بووە سکرتێری ئەنجومەنی فەرماندەیی بزووتنەوەی ئامل.

پاش شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، شێخ نەعیم قاسم لە بزووتنەوەی ئامل کشایەوە و خوێندنەوەی حەوزەیی خۆی کامڵ کرد و چالاکییە ئایینییەکانی خۆی لە ڕێگەی بەڕیوەبردنی وانە کلاسەکان لە مزگەوت و حسێنییەکانی بەیرووت و زاحییەی باشووری درێژە پێدا. ئەو زیاتر لە ١٠ ساڵ بەمکارەوە سەرقاڵ بوو.

شێخ نەعیم یەکێکە لە کەسایەتییە بەرجستەکان لە ڕەوتی دامەزرانی حزبوڵڵای لوبنان لە ساڵی ١٩٨٢ کە وەک ئەندامی ئەنجومەنی حزبوڵڵا هەڵبژاردرا و ٣ خول لەو ئەنجومەندا بەشداری بووە، هەتا بەرپرسایەتییە ڕاهێنەری و فەرهەنگییەکانی حزبوڵڵا لە بەیرووت خرایە ئەستۆی ئەو و ئەو لە درێژەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاریی حزبوڵڵا و پاشان سەرۆکی ئەو ئەنجومەنە و لە ئەنجامیشدا لە ساڵی ١٩٩١ بووە جێگری ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا. یەکێک لە بەرپرسایەتییەکانی شێخ نەعیم پەیجۆری چالاکیی پەرلەمانتارانی حزبوڵڵا و چالاکیی سیاسیان بووە.

ماوەی دوور و درێژی ئامادەبوونی شێخ نەعیم لە جێگرایەتی ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا هاوکات لەگەڵ گۆڕانکاریگەلێکی زۆر بوو لەوان شەڕی جووڵای ١٩٩٣ و شەڕی ١٩٩٦ و ئازادکرانی لوبنان لە ساڵی ٢٠٠٠ و شەڕی ٣٣ ڕۆژە لە ٢٠٠٦ و هەروەها پێکدادانی ساڵی ٢٠١٧ و کە لەو ماوەدا توانای سەربازیی حزبوڵڵا ڕوو لە هەڵکشان بووە.

شێخ نەعیم کتێبی زۆری نووسیوە و کتێبی "ئیمام خومەینی لە نێوان ڕەسەنایەتی و نوێگەری"، "رێبەری بووژێنەر"(لەبارەی ئایەتوڵڵا خامنەیی) و "کۆمەڵگای بەرخۆدان؛ ورەی شەهیدبوون و سەرکەوتن‌سازی" چەند نمونە لە نووسراوەکانی ئەمینداری گشتیی نوێی حزبوڵڵایە.