شەهیدانی پەدافەندی ئاسمانی ئەرتەش کە بەیانی شەممە لە هێرشی ڕژیمی زایۆنی بۆ سەر ئێران، بۆ پاراستنی خاكی نیشتمان شەهیدبوون، ئەوڕۆ بە سەر شانی خەڵکی بەئەمەگ و پێزانی وڵات بەڕێ‌ کران.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە هێرشی سەر لەبەیانی ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەر ڕژیمی زایۆنی ٤ کەس لە هێزەکانی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرگری لە نیشتمان گەیشتنە پلەی شەهید بوون.

لە ڕاگەیێندراوی ئەرتەشدا هاتووە کە سەرگورد "حەمزە جەهان‌دیدە"، ئۆستووار "محەمەد مەهدی شاهرۆخی‌فەڕ"، سەرگورد "سەجاد مەنسووری" و ئۆستووار یەکەم "مەهدی نەقەوی" سەر لە بەیانی ڕۆژی شەممە لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی بۆمبا و مووشەکەکانی ڕژیمی زایۆنی شەهید بوون.

لەمناوە شەهیدان سەرگورد "حەمزە جەهان‌دیدە" و ئۆستووار "محەمەد مەهدی شاهرۆخی‌فەڕ" خەڵکی پارێزگای خوزستان و لە شارەکانی شووشتەر و ڕامهورمۆزن و شەهید ئۆستووار یەکەم "مەهدی نەقەوی" خەڵکی پارێزگای لورستان و شاری برووجێردە و شەهید سەرگورد "سەجاد مەنسووری"ـیش خەڵکی پارێزگای کرماشانە.

تەرمی ئەو ڕۆڵانەی گەل ئەوڕۆ دووشەممە ٧ی خەزەڵوەر لە شارەکانی ماهشەهر، ڕامهورمۆز، شووشتەر، برووجێرد و کرماشان بە پێشووازیی بەرچاوی جەماوەری و بە سەر شانی خەڵکی بەئەمەگ و پێزانی ئەو شارانە بەڕێ کران.

شەهید سەرگورد "سەجاد مەنسووری" دوای بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ئایینی لە لایەن حوجەتولئیسلام غەفووری نوێنەری وەلی فەقێی کرماشان، لە میانەی دەنگی بەرزی دروشمدان دژی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەن ئامادەبووانەوە، لە بەردەم مزگەوتی جامیعی شاری کرماشان تا مەیدانی ئازادی بەڕێ‌ کرا و لە گوڵزاری شەهیدانی ئەو شارەدا ئەسپاردە کرا.

هەروەها تەرمی شەهیدان سەرگورد "حەمزە جەهان‌دیدە" و ئۆستووار "محەمەد مەهدی شاهرۆخی‌فەڕ" لە میانەی ماڵئاوایی دڵتەزێنانەی هاوڕەزمانیان لە ماهشەهرەوە دەستی پێکرد و لەو ڕێوڕەسمەدا ئەمیر سەرتیپی دووەم حەمزە بیدادی فەرماندەی قەرارگای ناوچەیی و باڵای ئەرتەشی باشووری ڕۆژئاوا وتارێکی ئاراستە کرد و وتی: هێزی چەکداری تا دوا دڵۆپی خوێنیان پاوەجێ و سەقامگیرانە پابەندی فەرمانی وەلی ئەمری موسڵمانان.

وتیشی: بۆ من جێی شانازییە لە بەردەم ئەم شەهیدانەدا پەیمان ببەستم کە تا دوا دڵۆپی خوێنم لە پێناو نیزام و وڵاتەکەمدا گیان بەخت بکەم.

پێشنوێژی هەینی کاتی ئەهوازیش لەو ڕێوڕەسمەدا وتی: دەبێ لە خێزانی شەهیدان و ڕوانگەیان وانە فێر بین و بیانکەینە نمانەی خۆمان.

حوجەتولئیسلام میر ئەحمەدڕەزا حاجەتی وتیشی: دوژمن لە هێزی کۆماری ئیسلامی بێ‌ئاگایە و لەو ڕووەوە دەبێ دوژمن لە هیزی کۆماری ئیسلامی تێبگەیێنین.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر ئەوڕۆ فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران پەیامێکی بە بۆنەی بەڕێ‌کران و ئەسپاردەکرانی ٤ شەهیدی ڕێگەی بەرگری لە خاکی نیشتمان بڵاو کردەوە و تێیدا ڕایگەیاند: شەهیدبوونی هاوڕەزمانی خۆشەویست و بەجەربەزەی هێزی قارەمانی پەدافەندی ئاسمانی لە سەنگەرەکانی بەرگری شەووڕۆژی لە سنوورەکانی ئێرانی خۆشەویست و خەڵکی بەڕێزمان، درێژەی ڕێگەی قارەمانانی بەرگری پیرۆز و بەرەی بەرخۆدان و ئاوێنەی باڵانوێنی مێژووی پڕ لە شانازیی ئەم نیشتمانە لە ساڵانی نە زۆر دوورەوەیە.

ڕاشیگەیاند: ئەوسا کە ڕەزمەندەکانی ئازا و دلێری بنکە و وێستگەی ڕاداریی سۆباشی سەرەڕای هەڕەشە پڕئەژمارەکانی دوژمن ڕاوەستان و لە سەنگەرەکانیان نەکشانەوە و شەهیدبوونیان هەڵبژارد، ئەوڕۆکە وانەخوازان و پێڕەوانی ئەو شەهیدانەش واتە ئەفسەران و دەرجەدارانی ئازای ئەم هێزە لە ئۆپەراسیۆنی پیرۆزی بەرگری لە هەرێمی ئێران لە بەرامبەر شەڕاشۆیی ڕژیمی ناشەرعی زایۆنیدا دەبنە گیانپەنای خەڵکی.