لە چوارچێوەی دوو وەرزنامەدا؛ یەکەمین گۆڤاری تایبەت بە ڕەخنەی ئەدەبی منداڵان بە زمانی کوردی بڵاو کرایەوە. 

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، یەکەمین ژمارەی دوو-وەرزنامەی ڕەخنەی ئەدەبی منداڵ و مێرمنداڵ بە دوو زمانی کوردی و فارسی و بە سەرنووسەری و بەرپرسیارێتی ئارش مێهرەبان، نووسەر و توێژەری ئەدەبی منداڵان خرایە بەردەستی خوێنەرانەوە.
یەکەمین ژمارەی دوو-وەرزنامەی ڕەخنەی ئەدەبی منداڵ و مێرمنداڵان، یەکەمین و تاقە گۆڤارێکە بە شێوازی زانستی و تایبەت بە ڕەخنەی ئەدەبی منداڵ و مێرمنداڵ لە زمانی کوردیدا بڵاو دەکرێتەوە.
ئەم دوو-وەرزنامەیە بەستێنێکی نوێ و زانستی بۆ شیکاری و هەڵسەنگاندنی ئەدەبی منداڵ و مێرمنداڵ دەخاتە بەردەستی بەردەنگەکان، نووسەران، توێژەران، پەروەردەکاران و بنەماڵەکان و بە هۆی پەرژاندنە سەر ڕەخنەی ئەدەبی منداڵ و مێرمنداڵ، پێگەیەکی تایبەتی هەیە لە پەرەپێدانی ئەدەبیات و بەفەرهەنگ‌کردنی لە نێو نەوەی نوێدا.
ڕەخنەی ئەدەبی منداڵ نەتەنیا دەبێتە هۆی درووستبوونی تێگەیشتنێکی باش لە بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئەم بوارەدا، بەڵکوو دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمە ئەدەبییەکان.

بەرهەمی ئەدەبیی منداڵان بە هۆی کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ڕەوتی پەروەردە و لایەنی ناسینەیی منداڵان، دەبێت لە کۆمەڵێک ڕوانگەی جۆراوجۆری فەرهەنگی، زمان و دەروونناسانەوە لێکدانەوەیان بۆ بکرێت.

گرینگیی ڕەخنە لە ئەدەبی منداڵان لەمەدایە کە دەتوانێت خاڵە لاواز و بەهێزەکانی بەرهەمەکان دەربخات، ببێتە هۆی زیاتربوونی داهێنان لە نووسەران و بەستێنێک بۆ وتووێژی نێوان نووسەران، ڕەخنەگران و بەردەنگەکان بخولقێنێت.
لە یەکەمین ژمارەی ئەم دوو وەرزنامەیەدا، کۆمەڵێک توێژینەوە لە نووسەرانی چالاکی ئەم بوارە بڵاو کراوەتەوە کە دەپەرژێنە سەر بابەتگەلێکی جیاوازی ئەم بوارە. لە گرینگترینی توێژینەوەکان دەتوانرێت ئاماژە بکرێت بە توێژینەوەی «ئەدەبیاتی منداڵ و قۆناغی منداڵی»لە لایەن دکتۆر نەسرین عەلی ئەکبەری کە دەپەرژێتە سەر لێکدانەوەی چەمکگەلی قۆناغی منداڵی لە ئەدەبیاتدا. هەروەها توێژینەوەی «نەریتی فەرهەنگنووسی بۆ منداڵان»بەرهەمی جەبار شافێعی‌زاده و عەتا وەلەدی، کە دەپەرژێتە سەر لێکدانەوەی ڕەوتی فەرهەنگنووسی لە بەرهەمی کلاسیکی «نیسابولسیبیانی فەراهانی و نووبەهارا بچووکانی ئەحمەدی خانی». لە توێژینەوەکانی گرینگی دیکەی ئەم ژمارەیە، توێژینەوەیەکە لە لایەن سەردار قادرەوە بە ناونیشانی «ڕەنگداندوەی ئەدەبی منداڵ لە ڕوانگەی گەورەساڵانەوە» کە رەنگدانەوەی ئەدەبی منداڵی لەنێو دەقی گەورەساڵی باس کردووە.
ئەم دوو-وەرزنامەیە وێڕای توێژینەوەی زانستی، پەرژاوەتە سەر ناساندنی پڕۆژە فەرهەنگییەکانی بواری منداڵان. پڕۆژەی «یەکەم هاوڕێیان» کە بە ئامانجی پاراستنی زمانی دایکیی منداڵانی کوردەوە دەستی پێکردووە، یەکێک لەو پڕۆژانەیە کە لەم ژمارەیەدا ناسێندراوە و ڕاپۆرتێک لەسەر ئامانج و چالاکییەکانی دراوە. ئەم پڕۆژەیە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرینگی هەبێت لە پاراستنی زمانی دایکیی نێوان منداڵانی کورد.
بڵاوبوونەوەی دوو-وەرزنامەی ڕەخنەی ئەدەبی منداڵ و مێرمنداڵ هەنگاوێکی گرینگە بە مەبەستی پەرەپێدانی ڕەخنەی زانستیی بواری ئەدەبی منداڵ. ئەم گۆڤارە نەتەنیا دەپەرژێتە سەر ناساندن و شیکاریی بەرهەمە ئەدەبییەکانی منداڵ، بەڵکوو لە ڕوانگەیەکی زانستییەوە گرینگی دەداتە بابەتگەلی زمانی، فەرهەنگی و پەروەردەیی ئەم بەرهەمانە. بە هۆی کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئەدەبیات لەسەر درووستبوونی شوناس و کەسایەتیی منداڵان، ڕەخنەی زانستی لەم بوارەدا دەتوانێت ببێتە هۆی باشتربوونی ئاستی بەرهەمە ئەدەبییەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی فەرهەنگی گشتی لە کۆمەڵگەدا.

ئێوە دەتوانن لە ڕێگای بەستەری ماڵپەڕی تاقچە نوسخەی ئەلکترۆنی یەکەمین ژمارەی دوو-وەرزنامە دابگرن.

بەستەری تاقچە

https://taaghche.com/book/214858

بۆ کڕینی نوسخەی چاپیی دوو-وەرزنامە لەگەڵ ئەم ئایدییەدا لە پەیوەندیدا بن.