ماڵپەڕی هەواڵی "الطریق" بە بۆنەی ساڵوەگەری ٧ی ئاکتەوبر و هێرشی حەماس بۆ سەر سەرزەوینەداگیرکراوەکان و دەسپێکی شەڕی غەزە، ڕاپۆرتێکی لە دڕندەیی یەکساڵەی زایۆنییەکان و کۆمەڵکوژییان لە فەلەستین بڵاو کردەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ماڵپەڕی هەواڵی "الطریق" لەو ڕاپۆرتەدا هێناویە: ژماری قوربانیانی دەستدرێژییەکانی زایۆنی بۆ سەر غەزە لە ٧ی ئەکتەوبری ٢٠٢٣ تا ئێستا ٤٧ هەزار و ١٤ کەس شەهید و ١١٣ هەزار برینداربوونە.

داگیرکەرانی زایۆنی زیاتر لە ٩٥ هەزار تۆن بۆمبیان ڕشتۆتە سەر غەزە کە بە هۆیانەوە ٢٠٠ هەزار یەکەی نیشتەجێی و زیاتر لە ٢٥٠ هەزار بینای گشتی ڕووخاون. هەروەها ٣٧ نەخۆشخانە لەو کەرتەدا بە هۆی هێرشی زایۆنییەکان زیانیان پێگەیشتووە و چێتر ناتوانن خزمەت بە خەڵکی بگەیێنن.

لە ڕاپۆرتی "الطریق"دا هاتووە: شەری غەزە بۆتە هۆی ئاوارەیی حەشیمەتێکی ٢ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەسی فەلەستینی و لە کاتێکدا کە بەر لە دەسپێکی شەڕ ٦٠ هەزار دایکی فەلەستینی دووگیان بوونە، وەزارەتی تەندروستی غەزە لە تۆمارکرانی ٥٥ هەزار زاوزێی سەرکەوتوو هەواڵی داوە. بە چەشنێک کە بە گوێرەی ڕاگەیاندنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە هەر ١٠ خولەک منداڵێک لە غەزە لەدایک دەبێ، بەڵام بەهۆی بەدبژێوی، نەبوونی ئیمکاناتی تەندروستی و ئاوی خواردنەوەی سالم، شانسێکی کەمی بۆ زیندوومان هەیە.

"الطریق" لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە: ئەرتەشی زایۆنی لە کوژرانی یەک هەزار و ٧٥٢ سەربازی خۆی لە ٧ی ئاکتەوبرەوە تا ئێستا هەواڵی داوە کە ٢٥٦ کەسیان ڕاستەوخۆ لە غەزەدا کوژراون و هەروەها ١٤ هەزار و ٥٦ سەربازی زایۆنی لەو شەڕانەدا بریندار بوونە.

بەرپرسانی زایۆنی دانیان بەودا ناوە کە بە شێوەی مامناوەندی مانگانە یەک هەزار سەربازی ئەرتەشی زایۆنی لە شەڕەکاندا بریندار بووە و لە سەدا ٣٥ی برینداران تووشی گرفتی دەروونی هاتوون و لە سەدا ٣٧ـیان گرفتی جەستەییان هەیە.