سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی، داوای كرد كه‌ وڵاته‌ زلهێزەکان هەڵوێستیان هەبێت بۆ ئەوەی قەوارەی داگیرکەر ناچار بكرێت شه‌ڕ بووه‌ستێنێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند: " محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ پێشوازیی لە باڵیۆزی یه‌كێتی ڕووسیا لە عێراق، ئێلبروس کوتراشێڤ کرد".

ڕوونیشیکردەوە، "لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگاکانی پەرەپێدانیان کرا، لەسەر بنەمای خواستی هاوبەش بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری هاوبەش، و بەردەوامبوون لە هاریکاری لە بوارە جیاجیاکانی ئابوری و بازرگانی و ڕۆشنبیری، لە بەرژەوەندییەکانی هه‌ردوو گەلانی عێراق و ڕووسیا”.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یندراوه‌كه‌ ئه‌وه‌یش هاتووه‌ كه‌: لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و درێژەدان بە دەستدرێژی تاوانكاری قەوارەی داگیرکەر بۆ سەر گەلانی لوبنان و فەلەستین و سەرپێچییە قبوڵنەکراوەکانی بە سووکایەتیکردن بە پێگەی مه‌رجه‌عی باڵا لە نەجەف کە کاریگەری لەسەر هەستی ملیۆنان موسڵمان هەیە لە جیهاندا، و بنەما ڕەگەزپەرستی و ئایینییەکانی لە شەڕی شەڕانگێزی خۆیدا دژی غەززە و لوبنان پشتڕاست دەکاتەوە، وهەوڵەکانی بۆ چەواشەکاری و تەمومژاوی، بە پێچەوانەی ئەوەی کە هەندێک ئیدیعای دەکەن سەبارەت بە بوونی ڕەگ و ڕیشەی سیاسی لە ململانێکاندا."

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە ، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران داوای کرد "هەڵوێست و ڕۆڵێکی کاریگەر بۆ وڵاتانی زلهێزلە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بۆ ناچارکردنی قەوارەی داگیرکەر بۆ ڕاگرتنی شەڕەکەی و ئەو تاوانانەی ئەنجامی دەدات، بۆ ڕاگرتنی هەوڵەکانی بۆ پاڵنانی ناوچەکە بەرەو شەڕێکی هەمەلایەنە کە مەترسی لەسەر ئاسایشی جیهان و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا دروست بکات.