عومه‌ر گوڵپی، ئه‌ندامی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: ئەو شێوازە حكومڕانەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە، مۆدێلەكەی بەسەرچووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، عومه‌ر گوڵپی، له‌میانی به‌شداریكردنی له‌ كۆڕای خه‌ندان، رایگه‌یاند: ئەو شێوازە حكومڕانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، مۆدێلەكەی بەسەرچوە و دڵی خەڵكی لەگەڵ نەماوە، ئەوەی ماوەتەوە كەوتوەتە سەر دو شت، یەكەمیان هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمان هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بێت، دوەم ئەوەیە خەڵكی بەشداری هەڵبژاردنەكە بكەن، ئەگەر ئه‌و دو خاڵه‌ بێنه‌دی، ئەو مۆدێلە حكومڕانیەی یەكێتی و پارتی لە شانۆی سیاسی هەرێمی كوردستاندا نامێنن.

ئاماژەی بەوەشكرد، یەكێتی و پارتی دەرفەتی زۆریان پێدرا، نۆ كابینەی ڕابردو هەمو شتێك بون و لە هەمو قۆناغەكانیشدا تاقیكرانەوە، قۆناغێك هێشتا سەدام نەڕوخابو كە بەئێش بو چونكە بەشێكی لە شەڕی ناوخۆدابو، قۆناغی دواتر كە سەدام ڕوخا لە نێوان 2003 بۆ 2013 بە ملیارەها دۆلار كە لەنێوان 70 بۆ 100 ملیار دۆلار دەبو لە بەغداوە هاتە هەرێمی كوردستان، كە دەتواندرا بەرد بە بەردی كورستان لە بناغەوە دروست بكرێتەوە، كەچی نەكرا و ئێستا خەڵكی چەمچەماڵ و هەولێر ئاوی خواردنەوەیان نیە و ئەو پارانەی كە بەغدا ناردی نەچونە خەزێنەی گشتیەوە، بەڵكو چونە خەزێنەی یەكێتی و پارتیەوە.

عومەر كوڵپی باسی لەوەشكرد، لە خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستاندا پێنج هەوڵ هەبون بۆ پرساندنی بەپرسانی حكومەت كە سیانیان چونە بواری جێبەجێكردنەوە بۆ سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی، بەڵام ئەوان پێیان عەیب بو بێنە بەردەم پەرلەمان و نوێنەرەكانیان، لەبەرامبەردا وەڵامەكانیان بە نوسراوێك نارد كە سەرۆكایەتی پەرلەمان لە دانیشتنەكاندا خوێندیانەوە.

ئەوەشی خستەڕو، یەكێتی ڕەنگە لە وردەكاریدا لەگەڵ پارتی جیاوازبێت، بەڵام كاتێك كە ڕێگری لە سەرۆكی پەرلەمان كرا ئەوان هەڵوێستیان نەبو، بەهەمانشێوە كاتێك لە ساڵی 2022 كە تەمەنی یاسایی پەرلەمان كۆتاییهات، سەرۆكی پەرلەمان كە لەو حزبەیە پێداگری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەكرد، بەڵكو لەگەڵ پارتی و گۆڕان و پێكهاتەكان یاسایەكیان هێنا و تەمەنی پەرلەمانیان درێژكردەوە.