بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا بەهۆی تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لانکەم 37 کەس کوژراون و نزیکەی سێ هەزار و 250 کەسی دیکەش برینداربوون.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، تەندروستیی لوبنان ئەوەشی ئاشکراکردووە، تاوەکوو ئیستا نزیکەی 200 بریندار برینەکانیان سەختە و زیاتر لە 100 نەخۆشخانەی بەیروت و شارەکانی دیکە بۆ چارسەرکردنی بریندارەکان تەرخانکراون.

بەگوێرەی راگەیەندراوێک کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، حیزبوڵای لوبنانى دانی بەوەدا ناوە، 20 ئەندامیان لە شەپۆلی دووەمی تەقینەوەی ئامێرەکانی بێتەل بۆ پەیوەندی کردن شەهید و ژمارەیەکی دیکەیان برینداربوون.

حیزبوڵا، ئیسرائیلی بە ئەنجامدەری هێرشەکانی دوو رۆژی رابردوو لە ئامێرەکانی پەیوەندیکردن تۆمەتبارکرد و جەختیکردەوە، تۆڵەیان دەکەنەوە.

هاوکات، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حیزبوڵا لەبارەی دوایین رووداوەکانی لوبنان و ناوچەکە گوتارێک پێشکەش بکات.

رۆژی چوارشەممە 18ـی ئەیلوولی 2024، ئاژانسی هەواڵی فەرمی لوبنان رایگەیاند، ژمارەیەک ئامێری هۆکی تۆکی لە تەواوی لوبنان تەقیونەتەوە.