کەناڵی "الجزیره" لە ڕاپۆرتێکدا 8 خاڵی هاوپەیوەند بە هێرشی تیرۆریستی-سایبێریی ڕژیمی زایۆنی بۆ سەر لوبنانی لێک‌دایەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، کەناڵی "الجزیره" لە ڕاپۆرتێکدا گۆڕانکارییەکانی لوبنان لە دەسپێکی هەڵمەتی تیرۆریستی و سایبێریی ڕۆژی ڕابردووی ڕژیمی زایۆنی بۆ سەر لوبنانی تاوتوێ کرد و نووسی: سەرەڕای دژوازییەکان سەبارەت بە چۆنیەتی ڕاپەڕاندنی ئەو هێرشە، تا ئێستا پرسەکانی خوارەوە ڕوون کراونەتەوە:

١. پەیجێر چیە؟

پەیجێر یان دەزگای پێوەندیی بێ‌سیمی ئامێرێکی چکۆلەیە کە لە دەیەی ٦٠ بۆ بەکارهێنان لە هەلومەرجی نائاساییدا ساز بووە. ئەم دەزگایە پشتئەستوورە بە ناردنی سیگاناڵگەلێک لە ڕیگەی شەپۆلی ڕادیۆییەوە بۆ پەیام‌دان بە کەسێک، بۆوەی بزانێت کەسێک دەیەوێ پێوەندی پێوە بگرێت. هەروەها بەو دەزگایە پەیامی نووسراوەی کورتیش ئاڵوگۆڕ دەکرێت.

بەر لە پەرەسەندنی مۆبایل، پەیجێر وەک ئامێرێکی باو بۆ پێوەندی‌گرتن بە تایبەت لە نێوان شیفتگەلی شەوانەی نەخۆشخانەکان و لای فەرمانبەرانی کەرتی ئۆرژانس کەڵکی لێ وەردەگیرا و هەنووکەش لە کەرتی سەربازی و ئەمنیدا بەکار دەهێنرێت.

٢. بۆ ئەندامانی حزبوڵڵا لە پەیجێر کەڵک وەردەگرن؟

پەیجێر یەکێکە لە ئامێرەکانی پێوەندی‌گرتنی تاڕادەیەک کۆن‌کەوتوو و بێ‌بەرییە لە هەلی پەیوەست‌بوون بە ئینتەرنێت، هەر بۆیە تا ڕادەیەک پارێزراوە لە دزەی سایبێری و پەیجۆری کەسەکان و سیخۆری لێ‌کردنیان. بەو پێیە ئەم دەزگایە هێشتاش لە بوارە سەربازی و ئەمنییەکاندا بەکار دەهێنرێت و ڕەنگە هێزەکانی سەر بە حزبوڵڵاش بەو هۆیە ئەمجۆرە ئامێرەیان پێ بووە.

٣. چۆنیەتی تەقینەوەی پەیجێرەکان

لێدوان سەبارەت بە چۆنیەتی تەقینەوەکان هێشتا زووە و سناریۆگەلێکی جۆراوجۆر لەمبارەیەوە هەن. گرنگترین سناریۆکان بریتین لەوەی کە ڕەنگە بەر لە هاوردەی ئەم دەزگایانە و ڕادەست‌کرانیان بە هێزەکانی حزبوڵڵا میکرۆچیپسێکیان لە سەر دانراوە و بە شیمانەیەکی زۆرەوە،، میکرۆچیپسەکان لە ڕێگەی شەپۆلی ڕادیۆیی درۆنەکان لە جێ جێی لوبنان لە لایەن ڕژیمی زایۆنییەوە چالاک کراون و پێدەچێ شەپۆلەکان بووبێتنە هۆی تەقینەوەی میکرۆچیپسەکان یان بەرزبوونەوەی گەرمای باتریی پەیجێرەکان و پاشان تەقینەوەیان.

ئەوی ئەم گریمانەیە بەهێزتر دەکات، ڕاپۆرتی رۆیتێرز بە گێڕانەوە لە سەرچاوە لوبنانییەکانە کە جەختیان لەوە کردبوو، دەزگا تەقیەوەکان بریتی بوون لە نوێترین جۆری پەیجێرگەلێک کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردووەوە لە لایەن حزبوڵڵاوە هاوردە کرابوون.

ڕۆژنامەی واڵ‌ستریت ژۆرناڵ‌ـیش وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرتەکەی رۆیتێرز، بە گێڕانەوە لە سەرچاوەگەلی نزیک لە حزبوڵڵا ڕایگەیاند کە دەزگا تەقیوەکان بەشێک لە کاروانی نوێی وەرگیراوەی حزبوڵڵا بووە.

ئەو ڕۆژنامەیە بە گێڕانەوە لە کۆمپانیای ئاسایشی نێودەوڵەتیی لۆبێک، تیۆرییەکی تریشی ئاراستە کردوە کە ڕەنگە تەقینەوەی دەزگاکان لە لوبناندا بە هۆی کەڵک‌وەرگرتن لە بەدسێکتۆر و ترۆجانەکان بووبێت؛ بەدسێکتۆرگەلێک کە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی گەرمای دەزگاکە و لە ئەنجامدا تەقینەوەیان.

٤. بەربڵاویی جوگرافیای ناوەندەکانی هێرش

تەقینەوەکانی ڕۆژی ڕابردوو بەشێکی زۆری ناوەچەگەلی باشووری لوبنان و زاحییەی باشووریی بەیرووتی لەخۆ گرتووە، بەڵام لە ڕاستیدا دەکرێ بڵێین ناوچەیەکی تایبەتی لەم هێرشەدا مەبەست نەبووە، بەڵکوو تەواو بریندارانی ئەم ڕووداوە، کەسانێک بوون کە دەزگای پەیجێریان بووە.

٤ کەسیش لە سووریا کەوتوونەتە بەر شاڵاوی ئەم تەقینەوەیانە. ئەم دەزگایە لە ئۆتۆمبیلەکەیان لە دیمەشق تەقیوەتەوە و میدیا سوورییەکان وای بۆ دەچة، کە ئەو ٤ کەسە سەر بە هێزەکانی حزبوڵڵا بن.

۵. ڕای بەرپرسانی لوبنانی لەبارەی ئەم ڕووداوە

ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشیتدپرێس لە زمانی بەرپرسێکی لوبنانی نووسی کە بە گومانی زۆرەوە هێرش بۆ سەر دەزگا پەیجێرەکان لە ئەنجامی هێرشی ڕژیمی زایۆنی بووبێت.

ئەم ئاژانسەی هەواڵ هەروەها لە زمانی سەرچاوەیەکی نزیک لە حزبوڵڵا ڕایگەیاند کە دەزگا تەقیوەکان بەشێک بوون لە کڕیاریێکی نوێ کە دەوڵەمەندبوون بە باتری لیتیۆمی و پێدەچێ تەقینەوەیان بە هۆی گەرمبوونی زیدەڕۆیانەی باترییەکانی بووبێت.

حزبوڵڵای لوبنان هەروەها لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە دامودەزگا هاوپەیوەندەکانی حزبوڵڵا توێژینەوەیەکی بەربڵاوی مەیدانی و زانستییان بۆ ناسینی هۆکارەکانی تەقینەوەی پەیجێرەکان دەست پێکردووە.

٦. کاردانەوەی کەسایەتییە زایۆنییەکان

بەرپرسێکی باڵای پێشووی سیستەمی ئاسایشی ناوخۆی ڕژیمی زایۆنی (شاباک) ئیدعای کرد کە تەقینەوەی دەزگاگەلی پەیجێری هێزەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە ئەنجامی دزەی ئەمنی و هەواڵگرانەیەکی بێ‌وێنەدا ئەنجام دراوە.

راوێژکاری بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ڕژیمی زایۆنیش لە پەیامێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئاماژەی بە بەرپرسایەتی و داشداریی تلاڤیڤ لەو ‌هێڕشانەدا کرد؛ بەڵام هەر خێراش پۆستەکەی خۆی سڕییەوە.

نووسینگەی بنیامین نەتانیاهۆ داوای لە وەزیران کردووە کە بۆیان نییە هیچ ڕادەربڕین یان دیمانەیەک لەبارەی تەقینەوەی دەزگا پەیجێرەکان لە لوبناندا بکەن. حزبی لیکۆدیش داوای لە ئەندامانی خۆی کردووە کە سەبارەت بە ڕووداوەکانی لوبنان هیچ لێدوانێک نکەن.

۷. کاردانەوەی نێودەوڵەتییەکان

جۆزێف بورل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا لە کاردانەوە بە تەقینەوەی دەزگا پەیجێرەکان لە لوبنان وتی: هەمیشە ئەگەری هەڵگیرسان و پەرەسەندنی ناکۆکییەکان لە لوبناندا هەیە.

۸. ژمارەی شەهیدان و بریندارانی ڕووداوەکە

وەزیری تەندروستی لوبنان سەر لە بەیانی ئەوڕۆ ڕایگەیاند کە نزیکەی ٣ هەزار بریندار لە نەخۆشخانەکانی لوبنان وەرگیراون و ئەگەری ئەوە هەیە کە ناچار بین لە گواستنەوەی هەندێکیان بۆ نەخۆشخانە پسپۆڕییەکانی دەرەوەی لوبنان. ژمارەی شەهیدانی ڕووداوەکەش ١٢ کەس ڕاگەیێندراوە.