بە گوێرەی راپۆرتەکان دەزگا پێوەندییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان(پەیجێرەکان) بە هۆی هەک‌کران، لە ناوچەکانی زاحیەی باشووری بەیرووت و بوقاع و باشووری لوبنان بە دوای یەکدا تەقیونەتەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێرانەوە لە "النشرە"، لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵ و ڕاپۆرتەکان لە تەقینەوەی ئەوڕۆی زاحیەی بەیرووت، سەرچاوەیەکی ئەمنی ئیدعای کرد کە تەقینەوەی پەیتاپەیتایی دەزگا پەیجێرییەکان لە چەند شوێنی لوبنان بە هۆی دزەی هەواڵگرانە و سیخۆری بووە.

ئەم سەرچاوەیە بە "الجزیرە"ی ڕاگەیاند کە تەقینەوەکان بە هۆی هەک‌کرانی سیستەمگەلی پێوەندی لوبنان لە ڕێگەی تەکنۆلۆژیای بێ‌سیمی بووە و لە ئەنجامی ئەو دزەکردنە هەواڵگرانە گەورەیە، سیستەمە پێوەندییەکان کە تاقمێک لە هێزەکانی حزبوڵڵا لەگەڵ خۆیان دەیگێڕن، لە هەندێک شوێنی لوبناندا تەقیوەتەوە.

هاوکات ڕادیۆی فەرمی ڕژیمی زایۆنی ئیدعایان کردووە کە گاڵانت و بەرپرسانی ناوەندە ئەمنییەکان لە بەیانیی ئەوڕۆوە خەریکی گفتوگۆ و دانوستانن.

لە لایەکی ترەوە هەندێک سەرچاوەی هەواڵ لە بریندابوونی موجتەبا ئەمانی، باڵویزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕووداوەکانی ئەوڕۆی بەیرووت هەواڵیان داوە.

کەناڵی "المیادین" و تەلەڤیزیۆنی "ئێل. بی. سی" لوبنان وێڕای پشتڕاسکردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایانگەیاند کە برینەکانی باڵویزی ئێران کاری نەبووە و ناوبراو بۆ چارەسەری براوەتە نەخۆشخانە.