ڕۆمانی "ئەفسانەی شاماران" بە قەڵەمی "مورتەزا حاتەمی" وەک داڕشتنەوەی دووبارەی ئەفسانەیەکی کۆنی کوردی، بەزوویی بە زمانی فارسی لە لایەن وەشەنخانەی باشور بڵاو دەبێتەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەم ڕۆمانە بە ئاوڕدانەوە لە ئەفسانەی شاماران، وەک ئەفسانەیەکی کۆن و دێرینی کوردەکان، لە دووتوێی ٩٠ لاپەڕە و بە دیزاینی ڕووبەرگی بەشیر نەزەری، چیا سەرسپی و محەمەدجەواد عەبدی و لە ٥٠٠ بەرگ، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکەوێتە بەر دیدی خوێنەران.

مورتەزا حاتەمی نووسەری کرماشانی دانیشتووی شاری ئیلام، هاوکاتی چالاکی لە ئەدەبی منداڵ و میرمنداڵان و ئەندامێتی لە شۆڕای کتێبی منداڵ و ئەنجومەنی نووسەرانی منداڵ و میرمنداڵ و بڵاوکردنەوەی نزیکەی ٨٠ کتێب لەو بوارەدا، چەندین ڕۆمانی تری بە تێم و ناوەڕۆکی کوردی بڵاو کردۆتەوە.