بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، نەسروڵڵا رەشنوودی، کۆنسووڵی ئێران لە هەولێر بەبۆنەی کۆتاییهاتنی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەستخوشی لە سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران، خەڵک و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکات.
نەسروڵڵا رەشنوودی ئاماژەی بەوە کردووە، ''سێیەم ساڵە لە رێگەی دەروازەی سنووریی تەمەرچین (حاجی ئۆمەران)ـەوە زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن (س.خ) دەچنە کەربەلا کە چەند فاکتەرێکی ئێرانی و وڵاتانی دراوسێ، پێکەوە کاریان بۆ کەمکردنەوەی سەختیی رێگەی هاتووچۆی زیارەتکاران کردووە".
لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتووە، ''بە پێویستی دەزانم، دەستخۆشی لە هەوڵەکانی بەرپرسان و هەموو ئەو کەسانە بکەم کە هاوکار بوون، بەتایبەتی بەڕێزان سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران، وەزیری ناوخۆ، پارێزگاری هەولێر، بەرپرس و ئەندامانی لیژنەی جێبەجێکاری چلەی ئیمام حوسێن لە هەولێر، دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دانیشتووانی شارەکانی دیکەی سەر رێگەی زیارەتکاران، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران، هەروەها خەڵکی خۆشەویستی عێراق و هەرێمی کوردستان".
بەگوێرەى راپۆرتێکی لیژنەی باڵای زیارەتکارانی ئێرانی، ئەم ساڵ سێ ملیۆن و 622 هەزار و 254 زیارەتکاری چلەی ئیمام حوسێن، سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی عێراقیان کردووە.
Publish Date: ٢٧ ئاب ٢٠٢٤ - ١٦:٣٤
کۆنسووڵی ئێران لە هەولێر پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا سوپاسی خەڵک و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکات کە ئاسانکارییان کردووە زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن لە رێگەی کوردستانەوە بچنە کەربەلا.