جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: چه‌كدارانی داعش شانه‌ی نوستویان له‌ شاره‌كان و ناوچه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌ و تائێستا هێزه‌كانی ئاسایش چه‌ندین كه‌سیان ده‌ستگیركردوه‌.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی په‌یامنێری خه‌ندان، له‌باره‌ی رووداوه‌كه‌ی دوێنێی قه‌ره‌داغ رایگه‌یاند: "له‌ئێستادا داعش مه‌فره‌زه‌ی بچووكی له‌زۆرێك له‌ ناوچه‌كان هه‌یه‌ و توانیویه‌تی سوود له‌و بۆشاییانه‌ وه‌ربگرێت، به‌تایبه‌تی ناوچه‌ شاخاوییه‌كان، قۆپی قه‌ره‌داغ شاخێكی گه‌وره‌ی سه‌خته‌ و ئه‌وه‌دان نییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ توانیویانه‌ سود له‌و شاخه‌ وه‌ربگرن و تونێل بۆ خۆیان دروستبكه‌ن، یان شوێنی حه‌وانه‌وه‌ دروستبكه‌ن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پێیوایه‌ چه‌كدارانی داعش له‌زۆر شوێنی دیكه‌ش بونیان هه‌یه‌ و پێویسته‌ وردبین و به‌ هاوكاری خه‌ڵك شوێنه‌كانیان بدۆزرێته‌وه‌ و كۆتایی به‌ مه‌ترسییه‌كان بهێنرێت.