ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌ نووسراوێكدا كه‌ ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانی ده‌وڵه‌تی كردووه‌ رایگه‌یاندووه‌: له‌مه‌ودوا ناوی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) وه‌ك ڕێكخراوێكی قه‌ده‌غه‌كراو له‌ نووسراوه‌ فه‌رمییه‌كان بهێنن.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، به‌گوێره‌ی نووسراوێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق كه‌ واژۆی فه‌لاح مه‌ترود عه‌بود به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی كاروباری ئیداری له‌سه‌ره‌ و ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و جێگرانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن و سه‌رجه‌م داموده‌زگاكان كراوه‌ تێیدا هاتوه‌، به‌پێی بڕیاری ژماره‌ 25401 كه‌ له‌ 28ـی (ئایار/4)ی 2024 له‌سه‌ر فه‌رمانی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كان ده‌رچوه‌، له‌مه‌ودوا له‌ نوسراوه‌ فه‌رمیه‌كاندا ناوی په‌كه‌كه‌ وه‌ك رێكخراوی پارتی كرێكارانی قه‌ده‌غه‌كراو بهێندرێت.

رۆژی 13ی (ئازار/3)ی ئه‌مساڵیش، له‌كۆبونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ و به‌رگری و به‌رپرسانی هه‌واڵگری و ئه‌منی عێراق و توركیا، هه‌ردو وڵات گه‌یشتنه‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر دروستكردنی ژوری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش و حكومه‌تی فیدڕاڵیی عێراق، هه‌رئه‌وكاتی عێراق په‌كه‌كه‌ی وه‌ك ڕێكخراوێكی "قه‌ده‌غه‌كراو" وه‌سفكر.