دوکتۆر ئەحمەد میرە دەڵێت: "ئەوەی حکوومەتەکانی عێڕاق نەیانتوانیوە بە زەبری چەک و تەعریب لە کەرکووک لە دژی کورد بیکەن ، لە ئەنجامی خراپی سیاسەتی هێزی کوردییە حوکمڕانەکان خەریکە دێتە دی".

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: حەلیمە مەڵایی:زیاتر لە حەوت مانگە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کۆتایی هاتووە بەڵام تا ئێستا نە ئەنجومەنەکە چالاکە و نە پارێزگار دیاری کراوە.

پارێزگاری کەرکووک کە پێشتر لە نێوان کورد دا دابەشکرابوو و پشکی یەکێتی بوو تا ئێستا دانەنراوە.

پارتی و یەکێتی هەرکامەیان یەکتر تۆمەتبار دەکەن بەوە کە هۆکاری ئەم بێ سەرەوبەرەییەی کەرکووک لایەنی ڕکابەریانە.
لە ڕۆژی 18ی مانگی 12ی 2023 چوارەمین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و دووەمین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەڕێوەچوو. لەكۆی 16 كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكە، كورد حەوت كورسی (یەكێتی پێنج كورسی و پارتی دوو كورسی)، عەرەب شەش كورسی و توركمان دوو كورسی بەدەستهێنا.

تاكە كورسی كۆتایی مەسیحیەكان بۆ بزووتنەوەی بابیلۆن بوو، كە ئەو كورسیەش لە بەژەوەندی كورد كۆتایی هات.

کەواتە ئەگەر بە دەنگیش بێت مافی یەکێتیە کە پارێزگار دابنێت.

لەم ڕۆژانەدا یەکێتی ڕایگەیاند کە پارتی ڕێککەوتنی ژێربەژێری لەگەڵ عەرەب و بەرەی تورکمانی کردووە و خەریکە کەرووک هەڕاج دەکات و ئێمە لێی قبووڵ ناکەین.

لە لایەکی تریشەوە پارتی پێشنیاری کردووە کە پۆستی پارێزگاری کەرکووک، دوو ساڵ بە دوو ساڵ بۆ عەرەب و كوردبێت یان پێشنیاریێكی دیكەش ئەوەیە حەوت مانگی لێ ڕۆیشتووە، ئەو ماوەیەی ماوە بەش بکرێت بەسەر پێكهاتەكاندا و هەر پێکهاتەیەک بۆ ماوەیەک پارێزگار دابنێت.

بۆ لێکدانەوەی دۆخی کەرکووک و تێگەیشتن لەوەی کە پارتی و یەکێتی خەریکن چی بە سەر کەرکووک دێنن و داهاتووی ئەو بەشە لە ناوچە کێشەلەسەرەکان چی بەسەر دێت، هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی مێهر، لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی پێشەنگ و چاودێری سیاسی دوکتۆر ئەحمەد میرە گفتوگۆی کردووە کە دەقەکەی لە خوارەوە بڵاو دەبێتەوە.

دوکتۆر ئەحمەد میرە سەبارەت بە دۆخی ئێستای کەرکووک و ڕۆڵی پارتە کوردییە حوکمڕانەکان لەو ناوچەیە بە ئاماژە بەوەی کە بابەتی کەرکووک لە ئەدەبیاتی سیاسی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە تەواوەتی خاڵی بووەتەوە، وتی: هێزە حوکمڕانەکان لە دوای کەوتنی سەدام لە 2003 تا ڕووداوەکانی دوای قۆناغی ڕفراندۆم هەڵسوکەوتیان لە ناو کەرکووکدا لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و لە بەرژەوەندی خەڵکی کەرکووک نەبووە تا ئەوەی کە ڕای گشتی کورد لە کەرکووک پشتیوانییان بکات.

کەرکووک لە دۆخێکی ئێجگار مەترسیداردایە

لەبارەی داهاتوو و چارەنووسی کەرکووک بە لەبەرچاو گرتنی تەماحی تورکیا و سوننە و شیعەی عێراق و هەروەها تورکمان و ئەوەی کە بەدەست پارتی و یەکێتیەوە بەرەو چ ئاقارێک دەڕوات، ئەحمەد میرە دەڵێت: لە ڕاستیدا داهاتووی کەرکووک داهاتوویەکی لێڵە وەکوو چۆن داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان. وەکوو چۆن پرسی سیاسی لە عێراق گەیشتووەتە بنبەست بە هەمان شێوە لە کەرکووکیش لە دۆخێکی ئێجگار مەترسیدار دایە.

ئەوەشی وت کە لە لایەکەوە عێراق بارودۆخێکی ئەمنی و سەربازی تایبەتی بە سەر کەرکووکدا سەپاندووە لە لایەکی تر تورکیا لە ڕێگای بەرەی تورکمانی و پارتی و سوننە هاوپەیمانەکانیەوە دەیەوێت دۆخی کەرکووک بە ئاراستەیەکی ئێجگار خراپدا ببات. هەر کەرکووک خۆی لە مێژووی دروستبوونی بوونی دەوڵەتی عێراق، کێشەیەکی گەورەبووە بۆ پرسی سیاسی و ڕێککەوتنی نێوان کورد و حکوومەتی ناوەند.

کەرکووک لە لێواری مەرگ نزیک بووەتەوە

وتیشی: زۆرژشت کاریگەرییان هەیە لە سەر ئەوە کە بڵێین کەرکووک نزیکە لە لێواری مەرگ یان دەتوانین بڵێین کەرکووک لە لێواری تەقینەوەیەکی گەورەدایە. تورکمانەکان ڕۆڵێکی ئێجگار نەرینی ئەبینن لە ناو کەرکووکدا و بەداخەوە بە هۆی هاوپەیمانێتیان لەگەڵ پارتی و پاڵپشتی گەورەی تورکیا دەیانەوێت حکوومەتی خۆجێی پێکنەیێت و بۆ ئەمە هەموو ڕێگایەکی نادروست دەگرنە بەر.لە دوایین لێدوانیدا بەرەی تورکمانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان لەگەڵ پارتی و تورکیا ڕێککەوتوون بۆ دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکووک و پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێتی لە کەرکووک.

سیستەمی حوکمڕانی کورد نەگبەتی بوو بۆ کەرکووک

ئەو چاودێرە کوردە دەشڵێت: له ڕاستیدا کەرکووک وەکوو خۆی وەکوو شار ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە خەباتی ڕزگاریخوازی کورد لە عێراق و تەنانەت لە نێو کەلتوور و ئەدەبیات و لە مێژووی حوکمڕانی و شارستانیەتی کوردیدا. بەڵام سیستەمی حوکمڕانی هەمیشە مایەی نەگبەتی بووە بۆ خەڵکی کەرکووک و بۆ شارەکە. نەوتیش سەرچاوەی نێعمەت نەبووە بۆ خەڵکی کەرکووک و کورد و زیاتر نێغمەت و نەهامەتی گەورەی بۆ خەڵکەکە دروست کردووە.
هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە ؛ کە دۆزینەوەی نەوت لە کەرکووک بوو بە هۆی ئەوەی کە بە تەواوەتی حکوومەتی ناوەندی عێراق، سیمای کورد بوون لەو شارە بسێنێتەوە و دواتریش هێزە کوردییەکان خۆیان بازاڕی بە عەرەب کردنی کەرکووکیان گەرم کردووە.بۆیە ئەبینین بەم سیاسەتەی ئێستا کەرکووک بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەڕوات. وەکوو ڕۆشتووشە هەر ئەوەی ماوە بە ئاشکرا ڕابگەیێندرێت کە دۆخی کەرکووک گەیشتووەتە چ قۆناغێکی مەترسیدار.

هەستی نەتەوایەتی لە تاکی کوردی عێراق دابەزیوە

دوکتۆر ئەحمەد میرە لە وڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی کۆمەڵگای مەدەنی کورد بەرامبەر بە سیاسەتی سەرنەکەوتووی حاکمانی کورد لە ئاست مەسەلەی کەرکووک وا بێدەنگ و خەمساردە و بۆ تاکی کورد هیچ گرنگییەکەی نییە پشکی کورد لە کەرکووک چی بەسەر دێت، ئاماژەی دا: بە شێوەیەکی گشتی دەتوانم بڵێم هەستی نەتەوەیی لای تاکی کورد لە هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی خراپی حوکمڕانی کورد لە ماوەی 33 ساڵی ڕابردوودا ئاستەکەی بە جۆرێک دابەزیوە کە نزیک بووەتەوە لە سفر. بۆیە هیچ پرسێکی نەتەوەیی کوردی لە هەرێمی کوردستان بەهای جارانی نەماوە. بە پێچەوانەوە ئێستا ڕای گشتی کوردستان ئەوەندە خەریک و پەیوەستە بە بژێویی ژیانی ڕۆژانە و پەیوەستی گشتییان هەیە بە باری ئابووری وڵاتەوە هێندە بابەتە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان بۆیان گرینگ نییە.بۆیە دەبینین بەردەوام لە پاشەکشەکردنێکی گەورەدایە.

کورد لە کەرکووک بێ هیوایە
جەختیشی کرد : ڕای گشتی کوردستان و کۆمەڵگای مەدەنی بەرانبەر زۆرێک لە پرسە نیشتیمانییەکان بێدەنگییەکی گشتی هەیە. ئازار چەشتن بە دەست هێزگەلێک کە بانگەشەی نەتەوەبوون دەکات وات لێدەکات کە تاک هەست بە هێزە نیشتیمانی و جادوویەکەی ناکات و بۆ شتێکی تر بژی. ڕەنگە ئەگەر جاران لە پێناو هەڵکردنی ئاڵا لە کەرکووک دەیان گەنجی کورد خۆیان بە کوشت دەدا ئێستا تێگەیشتنەکان بە هۆی خراپی حوکمڕانی حزبە کوردییەکان گۆڕانی کەورەی بەسەردا هاتووە. ڕەنگە کورد تاکە نەتەوە بێت کە بەمجۆرە لە پرسە نیشتیمانییەکانی بێ هیوا و بێدەنگ دەبێت. ئەم هەڵوێستە بێدەنگانەش پێم وانییە کۆتایی بێت و هەمیشەیی دەبێت. چونکوو کورد لە ئێستادا لە کەرکووک هیچ کاتێک ئەوەندە لاواز نەبووە، تەنانەت لە سەردەمی حوکمدارێتی ڕژێمی سەدام چالاکی سیاسی و پێشمەرگایەتی بووە بەڵام ئێستا خۆڕادەست کردنێکی گەورە دەبینین.

پشکی کورد ڕۆژ بە ڕۆژ کەم دەکات

لەبارەی ڕۆڵی پارتی و یەکێتی لە دۆخی ئێستای کەرکووک ئەحمەد میرە وتی: ڕاستە لە دوای هەڵبژاردن توانراوە تا نزیکەی نیوەی کورسییەکان بەدەست بهێنرێت بەڵام کورد بە هۆی ناکۆکی نێوخۆییەوە نەیتوانیوا پێگەی خۆی لە کەرکوو بەهێز بکات. پشکی کورد ڕۆژبەڕۆژ بەرەو دواوە دێتەوە وەکوو ئێستا کە لە بەڕێوەبردنی کەرکووکدا کورد لە چاو نەتەوەکانی دیکە لە ئاستی خوارەوەی خۆیاندان.

تۆمەتباری سەرەکی کەوتنی کورد لە کەرکووک پارتیە

ڕاشیگەیاند کە هۆکاری ئەم بێ سەرەوبەرەییەی کورد لە کەرکووک دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە هیچ پلانێک و هیچ ئەجندا و پڕۆگرامێکی تایبەت لە لایەن کوردەوە بۆ بەڕێوەبردنی کەرکووک نەبووە و نییە. بەڵکوو هێزەکانی عێراق لەوانە شیعە و سوننە و تورکمان چییان ویستووە کورد چووەتە نێو ئەجندای ئەوانەوە. لە ئێستادا ئەجندایەکی کوردیانە لە کەرکووک بوونی نییە.بەڵکوو کورد هەوڵ دەدات بەشێک بێت لە ئەجندای ئەوانی دیکە و ڕێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی لە سەر پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێتی کارەساتێکی گەورەیە و دەبێ بە ڕاشکاوی بڵێین تۆمەتباری سەرەکی کەوتنی کورد لە کەرکووک پارتی دیمۆکراتی کوردستانە ئەگەر بڕوامان بە سیستەمی دیمۆکراسی بێت، چونکوو یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان زۆرینەی کورسیەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکی بەدەستهێناوە. بە پێوەرە یاسایی و دمۆکراسییەکان مافیەتی پارێزگاری کەرکووک و سەرۆکی حکوومەتی خۆجێتی کەرکووک وەربگرێت.بەڵام لە بەرانبەردا پارتی دیموکراتی کوردستان بە هاوبەشی دەوڵەتی تورکیا و بە پلانی دەوڵەتی تورکیا نایەوێت ئەو دۆخە بە شێوازی تەندروست و بێ خەوش بەڕێوەبچێت. هیچ زەمانەتێکیش نییە بۆ ئەوەی دۆخە بە ئاراستەیەکی باشتردا بڕوات. بە پێچەوانەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دۆخی کەرکووک خراپتر دەبێت و ئەجندای سەرەکی و سپێندراو ئەگاتە ئاستێکی مەترسیدار بە جۆرێک کە ئێمە لە قۆناغێکداین دەشێت ئەو کارانەی حکوومەتەکانی عێڕاق نەیانتوانیوە بە چەک و تەعریب ناسنامەی کوردبوون لە کەرکووک وەرگرنەوە لە ئەنجامی خراپی سیاسەتی هێزی کوردییەکان خەریکە هەموو شتێ لە دەست دەردەچێ.