وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیاند:داوایان لە حکومەتی تورکیا کردووە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی بکات سەبارەت بەو ئۆپەراسیۆنانەی لە دەرەوەی سنوور ئەنجامیان دەدات.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ماتیۆ میڵەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێمە داوامان لە حکومەتی تورکیا کردووە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق بکات سەبارەت بەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی لە دەرەوەی سنوور ئەنجامی دەدات، هەروەها داوامان کردووە خەڵکی سیڤیل بپارێزێت لەوەی زیانیان بەربکەوێت".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتیشی: "ئێمە لەو مەترسییە بەردەوامە تێدەگەین کە پەکەکە دروستی کردووە، بەڵام ئێمە داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی دیکەی نێوخۆیی هاوئاهەنگی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بکات".

ئەمە لە حاڵێکدایە کە نزیکەی 40 ساڵە شەڕی نێوان سوپای تورکیا و هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەردەوامە و بەشێکی زۆری ئەو شەڕەش چەندین ساڵە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.

دوایین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بەناوی "چنگ- قوفڵ" لە بەرەبەیانی رۆژی 18-4-2022 بۆ سەر ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.