ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕوماڵی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێراندا، بۆ یەکەمین جار لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵدا پێشبینی دەرئەنجامی خولی ١٤ی هەڵبژاردنەکانی ئێران بە ئەستەم وەسف کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز کە ماوەیەکە بە هاوبەشی لەگەڵ ڕۆژنامە نێودەوڵەتییەکان ڕووماڵی خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران دەکات، لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی کە ئەستەمە پێشبینی دەرئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانە بکرێت.

لەم ڕاپۆرتەدا ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بە بەڵێن و دروشمی هەڵبژاردنیی ئەو دوو کاندیدە لە خولی دووهەمی ١٤هەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە و زیاتر بە لێکدانەوەکانیان ئەو دوو کاندیدەی ناساندووە.

لە بەشێکی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: ئەمڕۆ ئێرانییەکان لە هەڵبژاردنێکدا کە بۆتە ڕکابەرییەکی توند، سەرۆکی داهاتووی ئەم وڵاتە هەڵدەبژێرن و بۆ یەکەمجار لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵدا، ئەستەمە پێشبینی ئەنجامەکەی بکرێت .

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتی نیویۆرک تایمزدا دەخوێنینەوە: ڕەنگە ئەنجامی (کۆتایی) پەیوەست بێت بە ژمارەی ئەو ئێرانیانەی کە بەشدارییان لە خولی یەکەمدا نەکردووە و بڕیاریانداوە لە خولی دووەمدا بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

قۆناغی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران ڕۆژی هەینی (٨ی پووشپەڕ) بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ، لە قۆناغی یەکەمدا ٢٤ ملیۆن و ٥٣٥ هەزار و ١٨٥ دەنگ کۆکراونەتەوە.

هەروەها مەسعوود پزشکیان بە ١٠ ملیۆن و ٤١٥ هەزار و ٩٩١ دەنگ و سەعید جەلیلی بە ٩ ملیۆن و ٤٧٣ هەزار و ٢٩٨ دەنگ گەیشتنە قۆناغی دووەمی هەڵبژاردنەکە.