بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر،
فەرماندەی هێزەكانی سنوورپارێز محەمەد سەعیدی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێڕاقی وتی : عێڕاق لەگەڵ 6 وڵاتدا هاوسنوورە و سەرسنوورەكانمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتانی دیكەی هاوسنوور بەپێی بەڵێننامەكان داڕێژراوەو هێڵی بۆ كێشراوە.
وتیشی: سنوورەكانمان لەگەڵ 6 وڵاتدا دەگاتە 3714 كیلۆمەتر، لەگەڵ ئێرانیشدا دەگاتە 1493 كیلۆمەتر كە 93 كیلۆمەتر لەو مەودایە سنووری دەریایین.
وتیشی: 1500 كیلۆمەتری سنووری عێڕاق و ئێران بە پارێزگاكانی هەولێرو سلێمانیەوە لەڕووی جوگرافیەوە سەختە و لەماوەی دووساڵی ڕابردوودا و لە ئێستادا كاری مەزنمان لەسەرسنوورەكانی ئێران و عێڕاق لە پارێزگای سلێمانی ئەنجامداوە، توانیومانە داهاتی هێزەكانمان پتەوبكەین و لیوایەكیشمان پێكهێناوە بۆ تۆكمەكردنی سنوورەكانی ئەو دەڤەرە كە لیوای 21 و بارەگاكەی لەهەڵەبجەیە.
محەمەد سەعیدی ڕوونیشی كردەوە كە ڕووماڵی 300 كیلۆمەتریش كراوە بە كامێرای گەرمی لەخانەقین بەسەرەوە تاكودەگاتە ناوچەی پێنجوێن ، هەروەها هەزارەها مینیشمان لەناوچەكە پاك كردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش كرد كە كێشەی وەرگرتنی گومركمان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەبووە كە پسوولەكان بەشێوەیەكی نایاسایی بەهەندێك كوڵبەر دەدران ولەمبارەیەوە گەیشتووینەتە ڕێككەوتن تاكوو بەشێوەیەكی یاسایی پڕۆسەكە بەڕێوەبچێت.
دەشڵیت: هەروەها پڕۆژەیەكی گرنگ ئەنجام دەدەین بۆ لابردنی بنكەكانی ئۆپۆزۆسیۆنی ئێرانی كەلە نزیك سنوورە هاوبەشەكاندان و هێزەكانی لیوای دووەم ئەو شوێنانەی هەموو گرتووەتەوە كە لە ساڵی 1991ەوە تاكو ئێستا هێزەكانی عێڕاق نەچووبوونە ئەوێ.
سەعیدی وتیشی: عێڕاق سنووری بەدرێژایی 362 كیلۆمەتر لەگەڵ توركیادا هەیە كە 300 ی سنووری وشكانین و دەكەونە سنووری هەردوو پارێزگای دهۆك و هەولێر ، 62 كیلۆمەتریش لەڕووباری دیسل پێكدێت كە دەكەوێتە پارێزگای دهۆك و جگەلەوەش سەرسنوورەكانی ئەوێ لەڕووی سروشتەوە سەخت ودژوارە و شەش مانگ لەساڵێكدا بەفراویە.
ئاماژەشی بەوەكرد كە دەستمان كردووە بە دروستكردنی 27 بنكە لەسەرسنوورەكانی عێڕاق و توركیا و دوو لیوامان لەوێ داناوە كە سەرپەرشتی سەرسنوورەكانی ئەوێ دەكەن و سەرجەم پێداویستیە تەكنیكی و ئەندازەییەكانمان بۆیان دابینكردووەو دوو فەوجی دیكەشمان بۆ ڕەوانە كردوون و كاركردنیش لە كردنەوەی ڕێگاوبانەكانی ئەوێ بەردەوامە.