بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر،
لە کۆبوونەوەکەدا ، عیراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە هەماهەنگیی و کاری هاوبەش کرایەوە لە پێناو پاراستنی سەقامگیری و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکی یەکێتی لە کۆبوونەوەکەدا بەردەوامیی هەماهەنگی و دیالۆگی جدیی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ بەئامانجی چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور دووپاتکرایەوە بەشێوەیەک دادپەروەری و هاوبەشیی راستەقینە رەچاوبکرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتایبەت لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد کە مێژوویەکی دێرینی هەیە، خواستی یەکێتیشی بۆ گەشەپێدان و بەهێزترکردنی پەیوەندی و هاریکارییەکان دووپاتکردەوە بەشێوەیەک لەخزمەت بەرژەوەندییە گشتییەکان و بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکاندا بێت.
لای خۆیەوە عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران سوپاسگوزاریی گەل و وڵاتەکەی بە سەرۆکی یەکێتیی و هەرێمی کوردستان گەیاند لەبەرامبەر هاوخەمی و بەشدارییان لە پرسەی ئیبراهیم رەئیسی و یاوەرانی. هەروەها بەردەوامیی پشتیوانییەکانی وڵاتەکەی بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە، جگەلەوەی رۆڵ و کاریگەریی یەکێتیی لەناوچەکە بەرزنرخاند و ئاماژەی بەوەکرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە رێزەوە لە رۆڵی سەرۆک مام جەلال دەڕوانێت لە بونیادنانی عیراقی نوێ و پەیوەندیی دۆستانەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە ئێمە پابەندین پێوەی، بەردەوامیی راوێژ و هەماهەنگییەکانی نێوانیشمان لەبوارە جیاوازەکاندا فاکتەرە بۆ پاراستنی سەقامگیری و گەشەپێدانی ناوچەکە