بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی و لە ماڵەكەی خۆی سەردانی ئەدهەم بارزانی كرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەگوێرەی راگەیەندراوێک، لەدیدارەكەدا دۆخی هەرێمی كوردستان و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تاوتوێكران .

جەخت لە سەرخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان كرایەوە بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی گۆڕانكاری لە پڕۆسەی حوكمڕانی و زیاتر خزمەتكردنی هاونیشتمانییان.
بافڵ تاڵەبانی لەبارەی دوایین پێشهات و هەنگاوەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد رایگەیاند، پێویستە هەموو ئەو هێز و لایەنانەی پەرۆشی سەرخستنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان و هێنانەكایەی حوكمڕانییەكی تەندروستن، دژی دواخستنی هەڵبژاردن و دروستكردنی بەربەست لەبەردەم ئەو پڕۆسە گرنگ و دیموكراسییەدا بوەستنەوە.

لەدرێژەی دیدارەكەدا گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوولا و یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان بەئامانجی كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان و پاراستنی مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد لەچوارچێوەی حكومەتی فیدراڵ جەختی لێكرایەوە.

شیاوی ئاماژەیە لەم دواییانەدا شێخ ئەدهەم بارزانی ئامۆزای مەسعود بارزانی سەرکردەی پارتی دیمۆۆرات لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا ڕایگەیاند کە بە زۆر دوورخراوەتەوە و پارتی ڕێگری لێدەکات بڕواتەوە ماڵ و حاڵی خۆی.

شێخ ئەدهەم بارزانی ماوەیەکیش لە ئێران بوو و ڕایگەیاند کە پارتی ڕێگەی نادات بڕواتەوە هەرێمی کوردستان.

پێشتر چەندین جار میدیاکانی هەرێمی کوردستان لێدوان و هەڵوێستی ڕەخنەگرانەی شێخ ئەدهەم بارزانی لە سەرکردە دیارەکانی پێشووی پارتیان بڵاو کردەوە کە دژی شێوازی حوکمڕانی ئێستا لە هەرێمی کوردستان و بەم جۆرە پشت گوێ خستنی داخوازییەکانی خەڵک، وەستا بوو.