دوای ئەوەی هەندێک لە میدیاکان هەواڵی مردنی هاوسەری سەرۆک کۆماری سوریایان بڵاوکردەوە، دەسەڵاتدارانی سوریا ڕەتیانکردەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بە پشتبەستن بە ئەلعەرەبییە، هەندێک لە میدیاکان هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەسما ئەسەد، هاوسەری بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سووریایان بڵاو کردەوە.

ئەم بابەتە دوای ئەوە بڵاوبووەوە کە نووسینگەی ڕاگەیاندنی دیمەشق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک هەواڵی گیان لەدەستدانی ئەسما ئەسەدی بڵاو کردەوە.

دوای ئەم ڕووداوە، میدیاکان و بەرپرسانی سوریا لەو بارەوە ڕوونکردنەوەیان دا و ئەم هەواڵەیان ڕەتکردەوە.

پەیجی فەرمی حزبی سۆسیالیستی عەرەبی بەعسی سووریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بە بڵاوکردنەوەی ڕوونکردنەوەیەک ڕایدەگەیەنێت، ئەو هەواڵەی لە بارەی کۆچی دوایی ئەسما ئەسەد بڵاوکراوەتەوە ڕاست نییە و ڕەتیکردووەتەوە.

حەوتەی ڕابردوو دیمەشق ڕایگەیاند کە ئەسما ئەسەد تووشی شێرپەنجەی خوێن بووە.