بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بە بۆنەی دەسپێکی ١٢یەمین خولی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی پەیامێکیان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامی ڕێبەری کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە لایەن حوجەتولئیسلام محەممەدی گۆڵپایگانی، بەرپرسی نووسینگەی ڕێبەری لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی خولی نوێی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، بەم شێوەیەی خوارەوەیە بڵاو کرایەوە.
بێ گومان کارلێکی ڕێکوپێک و هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی دیکە و هەروەها هەڵسوکەوتی بەکۆمەڵی دروست و سەبر لە ناو دەسەڵاتی یاسادانان یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەیشتن بە هەموو تایبەتمەندییەکانی پەرلەمانێکی هاوسەنگ و وا دەکات یادەوەری باشی نوێنەران بەردەوام بێت.
ئەو خاڵەی کە هەمیشە جەختی لەسەر دەکەمەوە ئەوەیە کە مەجلیس دەبێ ئارامیبەخش و هیوابەخش و پاڵنەر و بانگهێشتکار بێت بۆ هاوسۆزی و برایەتی لە ژینگەی گشتی وڵاتدا. لە خودی مەجلیسدا، کێبڕکێی میدیایی بێ کەڵک و مشتومڕە سیاسییە زیانبەخشەکان نابێت کات و تەمەنی کورتی ماوەی بەرپرسیارێتی بفەوتێنێت ؛ ئەگەرنا توانای بەنرخی بوونی نوێنەران لەم پۆستە بەرزەدا لەدەست دەچێت و ئەمەش خەسارێکی گەورەیە.
خاڵێکی تر سەبارەت بە سوێندخواردنی نوێنەرایەتییە. ئەم سوێندە نمایشی و ڕواڵەتی نییە؛ سوێندێکی ڕاستەقینە و بەرپرسیارانەیە کە لە دونیا و قیامەتدا بەرۆک دەگرێت. نوێنەرانی بەشەرەف پێویستە لە تەواوی ماوەی نوێنەرایەتیدا ئەم سوێندخواردنە شەرعیە لەبەرچاو بگرن و پابەندبوون پێیەوە وەک پێوەرێک بۆ حوکمدان لەسەر ئەدای کارکردنیان بزانن.
خاڵی کۆتایی بیرهێنانەوەی ئەو ڕاستییەیە کە هەر ئەندامێکی مەجلیس نوێنەری هەموو نەتەوەی ئێرانە؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە کاری سەرەکی نوێنەر دابینکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانە. بەدواداچوون بۆ پرسەکانی بازنەی هەڵبژاردن لە چوارچێوەی ڕوانگەیەکی گشتی بۆ پرسەکانی وڵاتدا بکرێت، هەروەها پێویستە دووری بگرن لە پەسەندکردنی پلانەکانی گەشەپێدان بە شێوەیەکی زۆر و زەدەر توانای بودجەی ئاوەدانی وڵات.