بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەممەد موخبەر، کاربەڕێکەری سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرەخۆشی خۆی بۆ لەدەستدانی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری شەهید دەربڕی و جەختی لەسەر درێژەی ڕێبازی ناوبراو لە بووژانەوە و پەرەپێدانی دوولایەنە و ناوچەیی کردەوە.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا کە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (هەینی) ئەنجام درا، محەمەد بن سەلمان سەرەخۆشی خۆی بۆ شەهیدبوونی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی دەربڕی و ڕایگەیاند: ئەو ڕووداوەی ڕوویدا بۆ ئێمە زۆر بە ئازار بوو. لەدەستدانی بەڕێز ڕەئیسی ئازاری هەموومانی دا و لەدەستدانی وەزیری دەرەوەی ئێران کە زۆر دۆست بوو لەگەڵ وەزیری دەرەوەمان، پڕ ئازار بوو.
شازادەی جێنشینی سعودیە زیادی کرد: ناردنی پەیامی سەرەخۆشی و هاتنی نێردەی تایبەت و وەزیری دەرەوە بۆ تاران ئەرکی ئێمە بوو بۆ ئەوەی هاوسۆزیتان لەگەڵدا بکەین، هەروەها ئەو ڕێگایەی کە ئەو ئازیزانە دەستیان کرد بە گەڕاندنەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، لە لایەنی سعودیەوە بەهێز بەردەوام دەبێت.
لای خۆشیەوە موخبێر جەختی کرد کە جووڵەی بەرەوپێشی وڵات ناوەستێت و بەردەوام دەبین لە پەرەدان بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عەرەبستان.