بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەید حەسەن نەسڕوڵا سکرتێری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان لە ڕێوڕەسمی یادی سەرکۆماری شەهیدی ئێران و هاوەڵانی، لە هۆڵی سەید ئەلشوهدا لە گەڕەکی باشووری بەیروت وتارێکی پێشکەش کرد.
لە سەرەتای ئەم وتارەدا سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی: ئێمە لە ساڵیادی جەژنی خۆڕاگری و ڕزگاریداین، بەڵام ئەو ڕووداوەی بۆ سەرۆک کۆماری شەهیدی ئێران و هاوڕێیانی هاتەپێشەوە ئێمەی دڵتەنگ کردووە . بۆیە بڕیارماندا وەک هەمیشە ئاهەنگەکان نەگێڕین، چونکە لە ڕۆژانی خەم و پەژارەداین.
ناوبراو زیادی کرد: جارێکی تر سەرەخۆشی خۆمان ئاراستە دەکەین بە بۆنەی شەهید بوونی ئەو ئازیزانە کە لە ڕووداوی هەلیکۆپتەر لە ئێران گیانیان لە دەست دا. ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی شەهید ڕەئیسی بۆ ناوەوە و دەرەوەی ئێران زۆر بە ئازار و دڵتەزێن بوو و ئەم ڕووداوە ئێمەی گریاند. به ڵام له یەکەم ڕۆژەکانی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی له ساڵی 1357ه وه ئێران بە سەرکەوتوویی تەنگژەی زۆری تێپەڕاندووە.
وتیشی: شەهید ڕەئیسی فەقێ، زانا، ماندوویی نەناس، باوەڕدار، لەخۆبردە و ئازا بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی مونافیق و دوژمنان، باوەڕی بە خۆڕاگری هەبوو. شەهید ڕەئیسی خزمەتکاری وڵاتەکەی بوو، بەجۆرێک هیچکات پشووی نەدەدا و گوێڕایەڵی ڕێبەرەکەی بوو.
شەهید ڕەئیسی بڕوای پتەوی بە دۆزی فەلەستین و خۆڕاگری هەبوو
نەسروڵڵا ڕوونی کردەوە: شەهید ڕەئیسی بڕوای پتەوی بە دۆزی فەلەستین و بزووتنەوەکانی خۆڕاگری و بەرخۆدان هەبوو و دوژمنایەتییەکەی لەگەڵ زایۆنیستەکان توند بوو. لە سەردەمی شەهید ڕەئیسیدا، شاهیدی گۆڕانکاری لە ئامادەبوونی دیپلۆماسی ئێران و یەکەمایەتیدان بە پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی ئێران و بلۆکی ڕۆژهەڵات بووین.
هەروەها سەبارەت بە وەزیری دەرەوەی ئێران شەهید ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، زۆر هۆگری لوبنان و فەلەستین و بزووتنەوەکانی خۆڕاگری بوو و ئەمەش یەکێک بوو لە سیفەتەکانی کەسایەتی ئەو. ئێمە جگە لە چاکە و یارمەتی و پشتیوانی و خۆشەویستی و باوەشی کراوەی شەهید ڕەئیسی و ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هیچی ترمان نەبینیوە و بۆ ئەمەش زۆر سوپاسگوزارین.
ناشتنی شەهیدانی خزمەت لە ئێران، سێهەمین گەورەترین ڕێوڕەسمی پرسە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بوو
سەید حەسەن نەسروڵڵا لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ئەو دیمەنانەی لە پرسەی شەهیدان لە تەورێزەوە تا مەشهەد بینیمان زۆر شایستە بوون و پەیامی زۆر گرنگیان هەڵگرتبوو. پرسەی شەهیدان ڕەئیسی و هاوەڵانی بەڕێزیان، سێهەمین گەورەترین ڕێوڕەسمی پرسە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بوو لە دوای ئیمام خومەینی (د.خ) و شەهید قاسم سولەیمانی.
ئەوانەی بیری لە لاوازی ئێران دەکەنەوە وەهمیان هەیە
ئەوانەی چاوەڕێی لاوازبوون و کشانەوەی ئێرانن لە پاڵپشتیکردنی فەلەستین و بەرخۆدان، لە وەهمدا دەژین و کۆماری ئیسلامی لە پاڵ فەلەستین و بزووتنەوەکانی خۆڕاگریدا بەهێزترین پشتیوانی لەم جیهانەدا بووە و دەبێت.