بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، گرووپی نێودەوڵەتی - ئازار مەهدەوان: ژینۆسایدی غەززە بۆتە تاریکترین لاپەڕەی ٨ دەیە تاوانکارییەکانی ئیسرائیل . جگە لە هێرشی شەو و ڕۆژی زایۆنیستەکان، خەڵکی غەززە لەگەڵ کەمیی خۆراک و دەرمان بەرەوڕوون. ئەم بابەتە دۆخێکی کارەساتباری دروست کردووە.
هەر لەو پێوەندییەدا بەشی تورکی ئاژانسی هەواڵی مێهر لە وتووێژێکی تێروتەسەل لەگەڵ حوسنی مێهنا وتەبێژی شارەوانی غەززە، دوایین بارودۆخی ئەم ناوچەیەی تاوتوێ کردووە.
قەیرانی تۆقێنەر لە غەززە
ئەندازیار "حوسنی مێهنا" لەسەرەتادا ڕایگەیاند: دانیشتوانی غەززە لە قەیرانێکی ڕاستەقینەدان و ئاوی خواردنەوە بە ڕێژەیەکی زۆر کەم دەگاتە ماڵەکانیان و لە زۆر ناوچەدا، ناتوانرێت دەستیان بە ئاوی خواردنەوە بگات و هاووڵاتییان بە ئاستەم دەستیان دەگاتە بڕێکی کەم ئاو و لە سەغڵەتیدان. ئەم ڕەوتە تا ئەو ئاستەیە کە تێکڕای بڕی ئاوی بەکارهێنراو کە لەبەردەستی خێزانە فەلەستینییەکاندایە ڕۆژانە ٥ لیترە، لەکاتێکدا بەپێی هەڵسەنگاندنی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بڕی ئاوی پێویستی مرۆڤ لە ڕۆژێکدا ١٢٠ لیتر زیاترە، بەڵام لە غەززە دۆخەکە زۆر ترسناکە و داگیرکاری زایۆنی لە سەرەتای داگیرکردنی ئەم ناوچەیە ژێرخانی دابینکردنی ئاوی بڕیوە. زۆرێک لە بیرە ئاوییەکانی غەززە و جیهازاتی شیرین کردنی ئاوی دەریاکانیان بۆردومان کردووە و قەیرانێکی قووڵی لێکەوتووەتەوە و 85%ی سەرچاوە ئاوییەکانی غەززە لەناوچووە.
ڕێژەی کاولکارییەکان لەڕادە بەدەرە
بڕی ئەو کاولکارییەی کە بەهۆی هێرشی مووشەکەکانی داگیرکەرانی زایۆنیستی لەم شارەدا هاتۆتە ئاراوە، زۆر بەرزە و زۆرێک لە تاوەر و شوقە و بینای نیشتەجێبوون کە هەزاران فەلەستینی تێدابوو بە تەواوی وێران بوون و دانیشتوانی ئەو شارە زۆرتر ئاوارەن یان کۆچیان کردووە بۆ ناوچەکانی باشوور. ئەمەش لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکان و هەروەها هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە کە تا ئێستاش بەردەوامە، ڕوویدا. بێگومان داگیرکەران لەم دواییانەدا پاشەکشەیان کردووە لە ناوچەی حەی ئەلزیتون کە بە گەورەترین و چڕترین ناوچەی غەززە دادەنرێت.
حوسنا مێهنا ڕایگەیاند کە داگیرکەران ژمارەیەکی زۆر مزگەوتیشیان لە غەززە وێران کردووە و زۆر کەمیان ماونەتەوە. زانکۆ و دامەزراوە پەروەردەییەکان لەناوچوون، داگیرکەرانیش نزیکەی هەموو ئەو ناوەندە خزمەتگوزارییانەیان لەناوبردووە کە لە غەززە کاردەکەن، بەجۆرێک ئیمکانی خزمەتکردنی هاووڵاتیانی غەززە لەڕووی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوزاری پزیشکی و تەندروستی نەماوە. داگیرکەران بە شێوەیەکی بەرفراوان ژێرخانی غەززەیان وێران کردووە. ڕێڕەوی پەیوەندییەکان وێران بوون، شەقامەکان پیس بوون، هێڵەکانی ئاو و ئاوەڕۆش وێران بوون. بەم شێوەیە ئەگەری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ٦٥٠ هەزار هاووڵاتیی غەززە لەدەستچووە، هەرچەندە لە ئێستادا نزیکەی ٣٥٠ هەزار هاووڵاتی فەلەستینی لە غەززە هەن.
هەموو خەڵکی غەززە هەژارن
جەختی لەوە کردەوە کە بێگومان زایۆنیستەکان ڕێگەیان داوە بڕێک یارمەتیی نێودەوڵەتی بچێتە ناو غەززە، بەڵام ئەم یارمەتییە زۆر زۆر سنووردارە و پێداویستییەکانی دانیشتوانی کەرتی غەززە دابین ناکات. شاری غەززە بەدەست گەمارۆیەکی تەواو و زۆر سەختەوە دەناڵێنێت و نەدەکرا هاوکاری مرۆیی بگاتە ئەم شارە. تاکە دەروازەی چالاکی غەززە دەروازەی ڕەفەحە لەسەر سنووری کۆماری میسری عەرەبی کە پێشتر هاوکاری بۆ ڕەفەح و خان یونس و پارێزگای ناوەڕاستی دەنارد، بەڵام ئەو یارمەتییانە نەگەیشتنە شاری غەززە سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر. لە ئەنجامی فشاری نێودەوڵەتی بەهۆی کارەساتە مرۆیی و ژینگەیی و پزیشکییەکانی شاری غەززە، لەم دواییانەدا ڕێگە بە چەند بارهەڵگرێکی سنووردار لە یارمەتییە مرۆییەکان درا بچنە ناو ئەم شارە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هێشتا قەیرانی تینوێتی و برسێتی لەم شارەدا هەیە و ئەم یارمەتییانە زۆر کەم بوون.