کادیرێکی پێشکەوتووی پارتی‌و پەرلەمانتاری پێشوی ئەو پارتە لەپەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند کەپارتە کوردییەکانی ئێران ئێستا تەنها کاری سیاسیی دەکەن‌و زۆرینەشیان چەکەکانیان داناوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، دڵشاد شەعبان کادیری پێشکەوتووی پارتی‌و پەرلەمانتاری پێشووی ئەو پارتە لەپەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: نێچیرڤان بازرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەردانەکەی ئەمدواییەیدا بۆ ئێران گفتوگۆی لەسەر چەندین پرس کردووە، لەناویاندا بوونی پارتە کوردییەکانی ئێرانە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی تۆڕی هەواڵی عێراقی ( INN) شەعبان ڕایگەیاندووە: هەرێمی کوردستان ڕێگە بەبوونی هیچ دەستەو تاقمێک لەسەر خاکەکەی نادات کە هەڕەشە لەئاسایشی نەتەوەیی وڵاتانی تر بکەن، جا ئێران بێت یان تورکیا.

هەروەک وتویه‌تى:"پێشتر ڕێککەوتنێک لەنێوان بەغدا و تاران هەبوو بۆئەوەی چەک لەپارتە کوردییە بەرهەڵستکارەکانی ئێران کە لە سنووری سلێمانی‌و هێڵی سنووریی نێوان ئێران‌و عێراقن دابماڵرێت، لەسەردانەکەی ئەمدواییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بۆ ئێران جەخت لەوەکرایەوە کە ڕێگە نادرێت لەخاکی هەرێمی کوردستانەوە هیچ هەڕەشەیەک لەسەر ئێران دروستبێت".

ئاماژەی بەوەشکردوە، پارتە کوردییەکانی ئێران ئێستا تەنها کاری سیاسیی دەکەن‌و زۆرینەشیان چەکەکانیان داناوە، هەربۆیە هیچ هەڕەشەیەک لەسەر هیچ وڵاتێک دروستناکەن.