جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەرۆکى هەرێمى کوردستان وادەیەکى نوێ بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاری دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، شاخەوان عەبدوڵا، جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: بێبەشکردنی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەڵەیەکی گەورەی دادگای فیدراڵی بوو، چونکە کوردستان بە پێكەوەژیان ناسراوە.

جەختیکردەوە لەوەى، لە پەرلەمانی عێراق تورکمان و مەسیحی نوێنەریان هەیە، بۆیە دەبێ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش نوێنەریان هەبێت.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باس لەوەکرد، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو بابەتە بوو کەچۆن بتوانرێ چارەی بەشداریی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردن بکرێت، لەگەڵ کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردنی نوێنەرانی پێکهاتە و لایەنەکانی بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردبوو.

شاخەوان عەبدوڵا دەشڵێت: ئەو پرۆسەیە پێویستی بە ماوە هەیە، ئەو ماوەیەش سەرۆکی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆ دەکات بۆ ئەوەی لەسەر وادەیەک ڕێک بکەون بەشێوەیەک پێکهاتەکان بێبەش نەکرێن.