چاودێرێکی سیاسی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکات کە ئێران لە ناوچەکە و جیهاندا هەژموون و پێگەی تایبەتی هەیە و کەس ناتوانی بێمنەت بێت لە تاران.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەردانە سێ ڕۆژەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای سێ ساڵ بۆ ئێران، دەنگدانەوەیەکی زۆری لە میدیاکانی ناوچەکەدا بوو و کارناسانی سیاسی بە سەفەرێکی گرینگ لە کات و ساتێکی هەستیار وەسفیان کرد.

لەبارەی ئەم سەفەرەوە عوسمان گوڵپی، چاودێری پرسە سیاسییەکان ، لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵنێری مێهر وتی: سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە هیچ هێزێک ناتوانێ لەم ناوچەیە بێ منەتبێت لە سیاسەت و دۆستایەتی تاران.

وتیشی: بە هۆی ئەوەی سیاسەتی ئێران تەنیا لە چوار چێوەی نەخشەی ئێراندا کاریگەری نیە بەڵکوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستا یاری دەکات و کاریگەری هەیە، کەس ناتوانێ پشت لە ئێران بکات.

عوسمان گوڵپی زیادی کرد: لە بەرامبەریشدا پێشوازی گەرمی تاران لە سەرۆکی هەرێم لەسەر ئاستێکی باڵا نیشانەی ئەوەیە بەرپرسانی ئێرانی تا ئێستاش بە چاوی دۆست سەیری هەرێمی کوردستان دەکات و بە هاوپەیمانی خۆی دەزانێت، بۆیە ئەمە دەستپێکێکی باشە بۆ قۆناغێکی نوێ لە نێوان هەرێم و تاران.

ئاماژەشی دا :چونکە هەرێمی کوردستان زۆرترین سنوری لەگەڵ وڵاتی ئێران هەیە ئەوە وێڕای بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی، بۆیە هەر گرژی و تێکچونێکی پەیوەندییەکان دەبێتە نائارامی سیاسی بۆ هەرێم، بۆیە ئەوەی گرنگە بۆ هەرێم ئەوەیە رێگە نەدات ناوچەکەی ببێتە هۆی نیگەرانی و مەترسی لەسەر دراوسێکانی تا پەیوەندیەکان بە باشی بمێننەوە.