ئاگرەكەی بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر روو لە تەشەنەسەندن دەكات و مەترسی لەسەر بازاڕ و دوكانەكانی دەوروبەری دروستدەبێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ به‌رگری شارستانی هه‌ولێر به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، له‌ئێستادا ته‌نها داوا لە هاوڵاتیان دەكەن هاوكاری تیمه‌كانیان بكه‌ن و شوێنی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ی بازاڕی قه‌یسه‌ری چۆڵ بكه‌ن، چونكه‌ قه‌ره‌باڵغیه‌كی زۆر دروستبوه‌ و بۆته‌ گرفت له‌به‌رده‌م تیمه‌كانیان تا به‌خێرایی كاره‌كانیان بكه‌ن.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ باسی له‌وه‌شكرد، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ دوكانه‌كانی بازاڕی قه‌یسه‌ریی سوتاون و تا ئێستاش هۆكاره‌كه‌ی نه‌زانراوه‌، هێزه‌ ئه‌منیه‌كانیش له‌ئێستادا له‌ده‌وروبه‌ری بازاڕه‌كه‌ بڵاوه‌یان پێكراوه‌ به‌مه‌به‌ستی رێگریكردن له‌دروستبونی قه‌ره‌باڵغی زیاتر و پارێزگاریكردن له‌ كه‌لوپه‌لی خاوه‌ن دوكانه‌كان.

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان، گرژی و ئاڵۆزی له‌نێوان ژماره‌یه‌ك له‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و هاوڵاتیان دروستبوه‌ به‌هۆی زۆری كۆبونه‌وه‌ی هاوڵاتیان له‌ شوێنه‌كه‌، هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌هه‌وڵدان بۆ چۆڵكردنی ده‌وروبه‌ری ئاگره‌كه‌ و داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كه‌ن رێگه‌ به‌تێپه‌ڕبوونی تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی بده‌ن.

هه‌ر به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان، به‌هۆی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ئاگره‌كه‌وه‌، زۆربه‌ی خاوه‌ن دوكان و بازاڕه‌كانی ده‌وروبه‌ری قه‌یسه‌ری به‌تایبه‌ت بازاڕی زێڕه‌نگه‌ران له‌هه‌وڵدان بۆ چۆڵكردنی دوكانه‌كانیان و گواستنه‌وه‌ كه‌لوپه‌له‌كانیان تاوه‌كوو له‌مه‌ترسی ئاگره‌كه‌ بیانپارێزن.