ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێونەتەوەیی، د. كامەران مەنتك: مەسەلەی كورسی كۆتاكان كراوەتە یەكێك لەو گرێكوێرانەی، كە شەڕی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی پێدەكرێت، هەرچەندە خودی ئەو راكردنە لە هەڵبژاردن، لە بنەڕەتدا راكردنە لە بەرپرسیارییەتی ئەو شكست وگەڕانە دواوەی هەرێمی كوردستان بەخۆیەوە بینییەوە ودەیبینێت، وەك لەزۆر شوێنی تردا ئاماژەم پێكردووە، سەیرە كورد چاوی لەوە بێت دوژمنێكی مێژوویی وسەرسەختی خۆی، كە بەدوای لەگۆڕنانییەوەیەتی، هەڵبژاردنی بۆ بەڕێوەبەرێت وشەرعیەت بۆ دەسەڵاتێكی كوردی بگەڕێنتێتەوە، كە كورد خۆی بەهۆی ململانێیە خێڵەكییەكانییەوە پەكی خستووەو لەتابووتی ناوە، ئەمە ئەو خاڵە ترسناكەیە زۆرینەی كۆمەڵگەی كوردی تیادا فریواخواردوو كراوە.
لەماوەی سی ودوو ساڵەی رابردوودا، كەم كەس هەن ئەو راستییە نەزانن، ئەوانەی بەناوی كۆتاوە كورسی پەرلەمانیان بردووە، هەرگیز نوێنەرایەتی نەتەوەو ئاین وئاینزاكانی خۆیان نەكردووە، بەڵكو خزمەتی دوو حیزبی دەسەڵاتداریان كردووە ولەچركە هەستیارو یەكلاییكەرەوەكاندا لەبەرژەوەندی ئەوان دەنگیان داوە، بۆیە فرمێسك رشتن بۆ كورسی كۆتاكان لە خەمی كۆتاكان نییەو ئەوە ناگەیەنێت، كە كامە لا باوەڕیان بەمافی مرۆڤ وبەیەكەوە ژیان ودیموكراسییەوە هەیە، وەك دەڵێن شینەكە بۆ هەریسەكەیەو دەیانەوێت لە پەنای ئەو كورسیانە سنگی خۆیان بەرنە پێشەوە وخۆیان وەك یەكەمی بێ ركابەر بە خەڵك نیشان بدەن، لەكاتێكدا لەسەر ئاستی جەماوەریدا پلەی دواهەمینی بێڕكابەرییان مسۆگەر كردووە، ئەوەی ئێستا لەنزیكەوە ئاگاداری ژیانی خەڵك ورادەی بێزاری تووڕەیی خەڵكی كوردستان بێت، دەزانێت رای خەڵك بەرامبەر ئەو حیزبانەی كوردی، بەپلەی یەكەم دوو حیزبی دەسەڵاتدارو لەدوای ئەوانیش ئەو ئۆپۆزسیۆنەی، كە جگە لەكاوێژكردن لەسەر كەموكوڕی وهەڵەكانی ئەو دوو حیزبە، هیچ ستراتیژێكی نەتەوەیی ونیشتمانییان نییەو ئەوەی پێیەوە دەنازن، پەنا بردن بۆ بەغدایە، كە لەهیچ شوێنێكی دنیا ئۆپۆزسیۆنێكی لەو شێوەیە نییە، كە بیەوێت لەسەر حیسابی تەسلیمبوونەوە وگەڕانەوە بۆ كۆشی ئەو وڵاتەی ئەنفال وكیمیابارنكردنی كردبیتن، هەوڵبدەی دەنگی دەنگدەران بەدەست بێنیت، ئەمە كارەساتێكە وئەوە دەگەیەنێت، كە خەڵكی كوردستان ئامادە بێت گەورەترین دوژمن وەك دۆست ببینێت، تەنیا لەپێناو ئەوەی دەستی بەقڕێژی ئەو دوو حیزبەی لە هەوكێ بێتەوە، هاوكات ئەمە ئەو تراژیدیایە رۆشنتر دەكاتەوە، كاتێك هاوسەنگی هەرێمی وجیهانی سەقامگیر دەبێـت، كە ئێستا گۆڕانی بەسەر داهاتووە و گلۆپی سەوز بۆ مەرگی ئەو حیزبانە دادەیسێت، دەبێت چۆن بكەونە بەر ئەو تووڕەییە پەنگحواردوو و لەبنهاتووەی خەڵكی كوردستان!!
خاڵێكی گرنگ هەیە دەمەوێت لێرەدا رای خۆمی تیادا دووبارە بكەمەوە، ئەویش ئەوەیە من هەرگیز پێموانییە جارێكی تر هەڵبژاردن بكرێتەوە و خولێكی تری پەرلەمان ببینین، لەبەرئەوەی ئاماژەكان بەرەو ئەوە دەچن، كە هەموو شتێك بەكۆتاهاتووەو تەنیا مەسەلەی كات ماوە، بەڵام ئەگەر گریمانەیەكی لاوازی هەڵبژاردنیش بكەین، با ئەو حیزبانە، لە ناوەخۆیان نوێنەری پێكهاتە ئاینی ونەتەوەییەكانی تر هەڵبژێرن ودەنگیان بۆ كۆبكەنەوە، ئەگەر باوەڕیان بەمافی كەمینەكان هەیە، ئەگەر دەشیانەوێت وەك رابردوو هەمیشە مافی پێكهاتەكانی تر لەبەرژەوەەندییە حیزبییەكانی خۆیان بەكاربهێنن، ئەوە دەبێت دڵنیابن لەوەی ئەو قۆناغە تێپەڕی ودادگای فیدڕاڵیش ئەو بڕیارەی وەك هەولێرییەكان دەڵێن هەر بە هەوەنتە نەداوە! پێكهاتە ئاینی ونەتەوەییەكانی تریش، ئەگەر ویستییان وەكو نەتەوە یاخود ئاین خۆیان هەڵبژێرن، با بۆخۆیان كۆڕو كۆمەڵەو دەستەو ئەنجومەنی سەرەبەخۆ دابمەزرێنن و بچنە ناو هەڵبژاردن، هەرچەندە دەبێت ئەو بیركردنەوە تەسكە لەلایەن تاكی كورد لە بنەڕەتەوە تووڕ هەڵبدرێت ودەنگدەری كورد چیتر لەسەر بنەمای نەتەوەو ئاین و... هتد دەنگ نەدات، بەڵكو لەسەر بنەمای دەستپاكی وراستگۆیی وتوانا كەسییەكانەوە دەنگ بدات، بۆ نمونە ئەگەر وەزیرێك لەوەزیرەكان لەسەر ئەو بنەمایە دابنرێت، گرنگ نییە كورد بێت یاخود توركمان، موسلمان بێت یاخود كریستیان، بەرای من كریستیانێكی بەتوانا وتەكنۆكرات، یاخود توركمانێكی تەكنۆكرات، زۆر باشترە لە كوردێكی گەندەڵ، كەلەسەر حیسابی دووڕوویی وماستاوچییەتی وخزم خزمێنە ئەو كورسییە ، یاخود ئەو پۆستەی بەدەست هێنابێت. بەهەمان شێوە كوردێكی تەكنۆكرات وراستەقینەی دڵسۆز بۆ خاك ووڵاتەكەی، زۆر لەو توركمان وكریستیانانە گرنگترە، كە لەپێناو گیرفان وپلەو پۆست بۆ خۆیان، بەرژەوەندی ئایینی ونەتەوەییەكانی خۆیان دەخەنە خزمەتی حزبە باڵا دەستەكانەوە وبازرگانی بە پڕەنسیپە نەتەوەیی وئاینییەكانیانەوە دەكەن.
تێبینی: رەنگ بێت ئەگەر لەروانگەی دەسەڵاتەوە باس بکەین، دەسەڵاتی ئێستای بەغدا، دەسەڵاتی بەعس نییە، بەڵام ئەگەر لەروانگەهەرێمییەکەوە سەیری بکەن، هەر سیستەمێک لە ئێراق دابمەزرێت، دەکەوێتە چوارچێوەی مەنزومەیەکی هەرێمییەوەو ئازادی خۆی لەدەست دەدات، راستە ئێستا زۆربەی سەرانی بەعس لەهەولێرن، بۆیە چارەنووسی دەسەڵاتدارانی هەولێریش لەچارەنوسی بەعسییەکان باشتر نابێت، کاتی ئەوە هاتووە بەشێوەیەکی سەرپێی وئایدیۆلۆژی لەمەسەلەی کورد نەڕوانین، بەهۆی ئەو گۆڕانانەی لەدوای بەکۆتا هاتنی شەڕی سارد روویدا، بەهۆی ئەوەی کورد لەو ماوەیە ڕۆڵێکی گەورەی پێدرا بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی هەرێمی وشکستی هێنا، تووڕەییەکان بەرامبەر کورد زۆر زیاتر بوون، بۆیە ئەگەر کورد خۆی ئامادەیی تیا بووبێت، لەشەڕی ناوەخۆ چەکی کیمیاوی دژی یەکتر بکاربێنێت، ئەگەر تورکیا لەبەرچاوی دنیاو بەپاڵپشتی ناتۆو ئەمریکا ڕۆژانە چەکی کیمیایی و چەکی قەدەغەکراوی تری نێودەوڵەتی دژی کورد بەکاربێنێت، بۆچی نابێت پێشبینی ئەوە بکەین، کە دەسەڵاتدارانی نوێی ئێراقیش جارێکی چەکی کیمیاوی ولەکیمیاویش زیاتر دژی کورد بەکاربێنێت، ئەگەر لێرە پشت بەفیدڕاڵی دەستوورو ...هتد ببەسترێت، ئەوە ئەو بیست ساڵەی رابروو ئەوەی سەلماند، کە نە ئێراق فیدڕاڵییەو نەدەستووریش بەهای ئەوکاغەزەی هەیە، کە لەسەری نوسراوەتەوە!!!
ژێدەر: شارپرێس