بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، وتەبێژى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، لە هێرشەکەى سەر کێڵگەى گازى کۆرمۆر چوار کرێکارى یەمەنى گیانیان لەدەستداوە و زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لەماوەی ڕابردوودا هەوڵی باش دراوە بۆ باشتر کردنی کەرتی وزە و ژێرخانی ئابووری لە عێراق و بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا کە هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان خێرا دەکرێن، دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی گازی کۆرمۆرییان کردە ئامانج .
وتەبێژى حکومەت ئاماژەى بەوەکردووە، تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهیدبوون، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووەو کە ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.
هەورامانى دەشڵێت: ئەم هێرشە دوبارانە پێویستە ڕابگیرێن و داوای هەماهەنگی و هاوکاری بەپەلە دەکەین لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە بدۆزرێنەوەو ڕادەستی یاسا بکرێن و ڕێگری یەکجاری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارانە.