ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: هێرشەکەی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ سەر چەند ئامانجی دیاری کراوی سەربازی ڕژێمی زایۆنی لە خاکی فەلەستینی داگیر کراو، کاردانەوەی زۆری لە ئاستی ناوچەکە و جیهان، لێکەوتەوە.
بۆ شرۆڤەی کاریگەرییەکانی ئەم هێرشە و ئاستی هێرشەکە لەباری سەربازی و تەکنیکیەوە هەواڵنێری مێهر گفتوگۆی لەگەڵ فەریق یەکەم جەبار یاوەر ، ئەمینداری گشتی پێشووی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردووە کە وەکوو پسپۆڕێکی سەربازی و ئەمنی ئەم هێرشە و دۆخی ناوچەکە لێکداوەتەوە.
جەبار یاوەر وتی: هێرشی درۆنی و مووشەکی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئەگەر بێین لە ڕووی عەمەلیاتی ئۆپراسیۆنەوە شرۆڤەی بۆ بکەین، ڕاستە زیانێکی گەورەی نەداوە لە ئیسڕائیل بەڵام لە ڕووی ستراتیجییەوە دەتوانین بڵێین، ئاگادار کردنەوەی حکوومەتی ئیسڕائیل بوو کە هەر کاتێک ئێران بیەوێت زۆر بە ئاسانی هەر ناوچەیەک کە حەز بکات لە ئیسڕائیل بۆردومانی دەکات.
وتیشی: بۆ هەموان دەرکەوت کە درۆنەکان و ڕۆکێتە باڵستیک و کڕووزەکانی ئێران زۆر بە ئاسانی گەیشتنە ئیسرائیل.
جەبار یاوەر زیادی کرد: ڕاستە ئەوان ئامانجیان ئەوە نەبوو کە کوشتوبڕێکی زۆر بکەن و پەلاماری خەڵکی سڤیلی مەدەنیان نەدا و تەنیا نامەیەک و هۆشدارییەک بوو بۆ ئیسڕائیل کە پێی بڵێن لە هەر کاتێک بمانەوێت مووشەک بارانتان دەکەین.
ئەم پسپۆڕە بە ئەزموونەی بواری سەربازی و سیاسی ناوچەکە ئاماژەی دا: سەرەڕای ئەوەی کە زۆربەی وڵاتانی زلهێزی دنیا وەکوو ئەمەریکا و فڕەنسا و بریتانیا و ئەڵمانیا، پشتیوانی ئیسرائیل دەکەن و هەموو توانای خۆیان خستە گەڕ کە نەهێڵن درۆن و ڕۆکێتی باڵستیک و ڕۆکێتە باڵدارەکانی ئێران بگەنە خاکی فەلەستینی داگیرکراو و ئیسرائیل بپێکن، بە تایبەت بە دانانی سیستەمی دژە ئاسمانی و شوێنگیری درۆنەکانی ئێران، بەڵام زۆرێک لە درۆنەکان و ڕۆکێتەکان گەیشتنە ئیسرائیل و هەندێکیشیان لە ئامانجەکانی خۆیان پێکا.
جەبار یاوەر بە شرۆڤەی ئەو بابەتە کە کۆماری ئیسلامی ئێران نە مووشەک و نە درۆنێکی هەرە پێشکەوتووەکانی خۆی بۆ ئەم شەڕە بە کاری نەهێناوە، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران خاوەنی هۆمارێکی زۆر گەورەی مووشەکی باڵدار و ڕۆکێتی باڵدار و ڕۆکێتی باڵستیکە کە دەتوانێ بە خێراییەکی یەکجار زۆر و بە زووترین کات بگاتە ئامانجەکانی خۆی تێکبشکێنێت، بەڵام ئەوان ئەو درۆن و ڕۆکێتانەیان بە کار هێنا کە هەم لە ڕووی خەرجەوە کەم بێت و هەم تەنها نامەیەک بێت بۆ ئیسرائیل کە پێیان بڵێن، ئەگەرچی دووری لە ئێران و هاوسنوور نین، بەڵام ئەوەتا دەستمان پێت دەگات.
ڕاشیگەیاند: تێچوو و خەرجی هەموو ئەو درۆن و مووشەکانەی ئێران بەکاری هێنا ناگاتە ملیۆنێک دۆلار ، کەچی ئیسڕائیل شەوی هێرشەکەی ئێران بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکانی کۆماری ئیسلامی ، گومەزی ئاسنین و مووشەکی دژە ئاسمانی بەکار هێناوە کە تێچووەکەی زیاتر لە یەک ملیار و سێسەد و پەنجا ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە.
ئەمینداری پێشووی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی دا: جگە لەوەش بایەخی ئەم هێرشە بۆ ئێران لە ڕووی مەعنەوییەوە بووە. بە تایبەتی کە ئایەتوڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران بەڵێنی دا لە تۆڵەی هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر کۆنسوڵخانەی تاران لە دیمەشق، ئیسڕائیل تەمێ دەکەن، ئەو بەڵێنەی خۆیان گەیاندێ جێ و مووشەکبارانیان کرد. و تەنانەت هێرشیان کردە سەر ئەو فڕۆکەخانە سەربازییەی کە فڕۆکە جەنگەکانی ئیسرائیل لەوێ وە هەستان بۆ بوردۆمان کردنی کۆنسوڵخانەکەی ئێران.
فەریق جەبار یاوەر جەختیشی کرد : لە ڕووی شرۆڤەی سەربازییەوە ڕاستە وەکوو باسم کرد ئەمە دەست پێکردنی شەڕ نییە بەڵکوو تەنها هۆشداری دانە، چونکوو دوای چەند کاتژمێر، ئێران ڕایگەیاند کە کۆتاییمان بە هێرشەکە هێناوە. ئەمە لە ڕووی مەعنەویەوە واتا لە ڕووی ستراتێجی سەربازییەوە گرنگە بە نیسبەت ئێران بە شێوازێکی گشتی کە دەری ئەخات ئێران، توانای مووشەکی و سەربازی باڵای هەیە.
هەروەها لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کاریگەریی ئەم هێرشەی ئێران لە سەر هاوسەنگی شەڕی غەززە، جەبار یاوەر وتی: بێگومان ئێستا شەڕی غزە بووەتە گرفتێکی گەورەی جیهانی لەبەر ئەوەی یەکەم ئیسرائیل دەیویست بەزوویی کۆتایی زەم شەڕە بێنێت و غەززە داگیر بکات، بەڵام ئێستا بۆتە شەڕێکی داڕزێنەر بۆ هێزەکانی ئیسرائیل چونکە ئەوە چەندین مانگە تێدەپەڕێت و ئێستاش هەر بەردەوامە و نەیتوانی بە ماوەیەکی کورت کە خۆی دیاری کردبوو کۆتایی بەو شەڕە بێنێت و حەماس لەناوببات. ئەو بۆ ئێسرائیل قورس کەوت لە ئاستی جیهاندا و تەنانەت دۆستەکانیشی وەکوو ئەمەریکا و فڕانسا و کەنەندا و وڵاتانی تریش بەردەوام لۆمەی دەکەن بەوەی کە ئەو هێرشانەی کردوویەتی سەر غەززە تەنیا بۆتە هۆکاری شەهید کردنی خەڵکی سڤیل کە لە ناویاندا ژمارەیەکی زۆر منداڵ و پیر و ژن هەیە و کوژراون و ئێستا ئامارەکان گەیشتووەتە نزیکەی سی و پێنج هەزار کەس وەکو کوژراو نزیکەی زیاتر لە حەفتا هەزار کەس وەک بریندار کە ئەمە ئاماری گەورەیە، ئێستا فشارێک هەیە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەزە لە لایەن زۆر وڵاتی دنیاوە و بانگەشەی گەورە ئەکرێ بۆ جێبەجێکردن یان دروستکردن و بۆنیاتنانی دەوڵەتی فەلەستین و چارەسەری کێشەی فەلەستین.
لە کۆتاییشدا سەبارەت بەو بابەتەی کە لە ئێستادا ئێرانی زلهێز و مووشەکی ترسی خستۆتە دڵی ئەمریکا و ئیسڕائیل و دەتوانێ چ کاریگەرییەکی لە سەر داهاتووی ناوچەکە و جیهان ببێت بۆ هاوسەنگی هێز و هەژموون، جەبار یاوەر وتی: بە حەقیقەت ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەکاری هێنا هێشتا درۆن و ڕۆکەیتی باڵدار و باڵستیکی پێشکەوتوو نەبوون و ئێران لەمانە زۆر پێشکەوتووتری هەیە وەک ئاماژەم پێدا. پرۆسەکە بە خۆی وەکوو زەنگێکی مەترسی دارە بۆ ئیسرائیل و بۆ ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانی ئیسرائیل دەکەن بە تایبەتی ئەمەریکا.
جەختیشی کرد: ئەمەریکا چەندەها جار دوای ئەو هێرشە داوای لە ئیسرائیل کرد کە هیچ بەرپەرچدانەوەیەکی نەبێت لە ئێستادا بەرامبەر بەر ئەو هێرشەی کە کراوەتە سەری. تەنانەت لە هەندێک لە لێدوانەکانیان باسیان لەوە کردووە کە لەگەڵ ئیسرائیڵ نابن بۆ پەلاماردانی ئێران، ئەمەش واتا بۆ جیهان سەلماوە کە ئێران توانایی سەربازی و مووشەکی و شەڕکردن لە مەودای دووری سنوورەکانی خۆی هەیە و دەتوانێ سیستەمی دژە مووشەکی چەندین وڵات ببڕێت. دۆستەکانیشی بە جیهان و ناوچەکەدا بڵاون و لە کاتی هەر ململانییەک پشتی دەگرن ۆ تەرازووی هێزز دەگۆڕن، بە تایبەتی ئەو لایەنانەی کە لە عێراق یان لە سووریا یان لە لوبنانن یان لە یەمەنن.