چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" له ڕۆژانی ١٨ تا ٢٢ی ئه‌یلوولی ٢٠٢٤ لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەچوو.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" MKFF بە سه‌رۆکایه‌تی "کەرەم گەردەن زەری" Kerem Gerdenzeri ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی ناوداری کوردیی دانیشتووی وڵاتی ڕووسیا، بە بەرپرسیاریی خاتوو "گولیزەر گەردەن زەری" Gulizer Gerdenzeri - "ئینا تێدژۆڤا" Inna Tedzhoeva، به مه‌به‌ستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ، مێژوو و پاراستنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و زمانه‌وانی کوردەکان و هەروەها ژیانی مۆدێڕنیان، بە نمایشی کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌م له به‌شی پێشبڕکێی فیلمه بڵینده سینەماییه‌کان، به‌شی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم، به‌شی پێشبڕکێی کورتە فیلم، به‌شی "شه‌ویی سینه‌مای کوردی"، به‌شی "نمایشی باشترین فیلمه‌کانی ڕووسیا‌" و پێشانگای که‌لتووریی و هونه‌ریی له ڕۆژانی ١٨ تا ٢٢ی ئه‌یلوولی (سیپته‌مبه‌ری) ٢٠٢٤ لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.

به‌رپرسانی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ"، داوا له هه‌موو ئه‌و‌ فیلمسازانه ده‌که‌ن که فیلمیان سه‌باره‌ت به کورده‌کان و یا به ناوه‌رۆکی کورده‌کان ساز کردووه؛ تاکوو به‌رهه‌مه بڵینده سینه‌ماییه‌کان، بەڵگەفیلم و کورتە فیلمه‌کانی خۆیان بۆ به‌شداری له به‌شی پێشبڕکێی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه ‌له ڕێگای ماڵپه‌ڕی "فیلم فریوه‌ی" به ناونیشانی https://filmfreeway.com/MoscowKurdishFilmFestival بنێرن و ڕۆژی ١٠ی حوزه‌یرانی (ژوئه‌نی) ٢٠٢٤ دوایین مۆڵه‌تی ناردنی به‌رهه‌مه‌کان دیاریی کراوه.

خەڵاتی "هەتاوی زێڕین" ستایلێکی کریستاڵ، به هێمای هەتاوی زێڕینه و ئه‌م خەڵاته گرینگه له پێنج به‌شدا، له‌وانه؛ باشترین فیلمی بڵیندی سینەمایی، باشترین بەڵگەفیلمی بڵیند، باشترین کورتە فیلمی چیرۆکی، باشترین بەڵگەفیلمی کورت و هەروەها خەڵاتی "هاوبه‌شی له سینه‌مای کوردی"دا به براوه‌کان پێشکەش دەکرێت.

بەرپرسانی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" Moscow لە ڕاگەیێندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند: "ئه‌م فێستیڤاڵه، له ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوودا بۆته ڕووداوێکی باوه‌ڕپێکراو و خۆشه‌ویست له لایه‌ن هۆگرانی هونه‌ریی سینه‌ما.