جێگری ئەمنیی وەزیری ناوخۆی ئێران ڕایگەیاند: ئۆپراسیۆنی بەرەنگاریی تیرۆریستان کۆتایی هاتووە و سەرجەم ئەو چەکدارە تیرۆریستانە کوژراون.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، جێگری ئەمنیی وەزیری ناوخۆی ئێران ڕایگەیاند: بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکانی فەرماندە و دەزگا هەواڵگرییەکانمان، چەکدارە تیرۆریستییەکانی ڕووداوی ڕاسک و چابەهار ئێرانی نین، هەروەها بەدواداچوون بۆ ڕەگەزنامە و ناسنامەیان دەکرێت.

سەید مەجید میرئەحمەدی، جێگری وەزیری ناوخۆ، وردەکارییەکانی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر سێ بارەگای سەربازی لە شارەکانی چابەهار و ڕاسکی بۆ هەواڵنێران خستەڕوو. .

ڕاشیگەیاند: شەڕ و پێکدادان لە شارەکانی ڕاسک و چابەهار، تەواو بووە و ١٨ تیرۆریست کوژراون، کە ڕەنگە بۆ ١٩ تیرۆریست زیاد بکات، چونکە ناتوانرێت ناسنامەی بەشێک لە تەرمی پارچە پارچەکراوی تیرۆریستان بناسرێتەوە.

ناوبراو ڕایگەیاند: خەمڵاندنی فەرماندە مەیدانییەکان ئەوەیە کە پێدەچێت ١٩ تیرۆریست کوژرابێتن و لە ڕاستیدا هەموو تیرۆریستەکان کوژراون و هیچیان ڕزگاریان نەبووە.

هاوکات سوپای پاسدارانیش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: کە ئۆپراسیۆنی تیرۆریستانی جەیشولزولم لە باشووری ئێران بە هۆشیاری و گیانفیدایی هێزە ئەمنییەکانی وڵات کۆتایی پێهێنراوە. و هەموو تیرۆریستان کوژران.