بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان لە گفتوگۆی تەلەفۆنی لەگەڵ جۆزێف بورل، نوێنەری باڵای یەکێتی ئەورووپا، وتی: بەرپرسانی ئەورووپی بەردەوام ئێران بۆ دان بەخۆدانان بانگهێشت دەکەن، ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئیسرائیل بە پێشێل کرانی یاساو ڕێسا نێودەوڵەتییەکان، هێرشی کردووەتە سەر شوێنێکی دیپلۆماتیک.
هەروەها وتیشی: جگە لە شەهادەتی حەوت هاووڵاتی ئێرانی لە پۆستی دیپلۆمات و ڕاوێژکاری سەربازی و شەش هاووڵاتی سووری، ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشێل کراوە.
ئەمیرعەبدوڵڵاهیان ڕاشیگەیاند: بەداخەوە کۆمەڵکوژی و جەنایەتی جەنگی ئیسرائیل بە پاڵپشتی ئەمریکا لە غەززە بەردەوامە و ئەگەر ئەمریکا هەوڵی جیدی نەدات بۆ کۆنترۆڵی ئیسرائیل ، ئەوا ئەو وڵاتە بەرپرسی راستەوخۆی تەشەنە سەندنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: چاوەڕوانی دەکرێت کە یەکێتی ئەورووپا لە هەوڵێکی ڕاستبینانە و بەپەلەدا، ئەو جەنایەتە ئیدانە بکات.