رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئاشکرایکرد، رێکخراوی داعش بەنیازە هێرشی خوێناوی بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپی ئەنجامبدات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەوتەی رۆژنامە بەریتانییەکە، داعش کە لە قەڵا سەرەکییەکانیدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شکستیهێناوە، بەڵام ئەفریقا و بەشێک لە باشووری ئاسیا پەرەی سەندووە و خاک و سەرمایەی بەدەستەوەیە، ئەمەش دەکرێت ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ هەڵمەتێکی نوێی توندڕەوی.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، حکومەتەکانی ئەورووپا هۆشداریی ئەمنییان بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی ساڵانی رابردوودا راگەیاندووە، بەتایبەت دوای هێرشی ئەمدواییەی داعش بۆ سەر هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە مۆسکۆ، ئەمەش ئاستی چاودێری و هۆشداریی بەرزکردووەتەوە و مەترسییەکانی تاوەکوو بەرزترین ئاست زیادکردووە.

هاوکات ئیتاڵیا رێوشوێنەکانی بەهێزتر کرد، ئەڵمانیاش نیگەرانی دەربڕی و ئەوەی بە "مەترسیی راستەقینە" ناوبرد.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، داعش بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی مۆسکۆی لە ئەستۆ گرتووە، ئاماژە بەوەش کراوە ئەمە کوشندەترین ئۆپراسیۆنی توندڕەویی داعشە لە ئەوروپا و رێکخراوە توندڕەوەکە دەیەوێت بەمە قەرەبووی شکستەکانی بکاتەوە.

دەشڵێن: داعش چەند ساڵێکە پلانی ئۆپەراسیۆنی نوێ لە دژی ئامانجە ئەوروپییەکان دادەڕێژێت.