پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا هۆشدارییان داوەتە مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە هەرێم بۆ چەند پارێزگایەک هەڵدەوەشێننەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، وائل عەبدولـلەتیف، دادوەر و پەرلەمانتاری پێشووی عێراقی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا ڕایگەیاند: چەند ساڵێک بەر لە ئێستا ئەو کوردانەی لە ئەڵمانیا و ئەمریکا نیشتەجێن، سکاڵایان لە ئەمریکا تۆمارکرد و کۆمەڵێک بەڵگەنامەیان خستەڕوو، کە باس لە زیندانیکردن و کوشتن لە هەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک تۆمەتی دیکە دەکات.

بەوتەی ئەو دادوەرە، ئەمریکا بانگهێشتی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا کردووە و پەیامی ئەوەی داوەتێ، ئەگەر بەردەوام بن لەو دۆخە، ئەوا هەرێمی کوردستان دەگەڕێننەوە بۆ کۆمەڵێک پارێزگا وەك چۆن لە ڕابردوودا هەبووە.

وائل عەبدولـلەتیف دەشڵێت: ئەو پلانەی ئەمریکا ئەگەرێکە و هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سکاڵایانەی لەسەر بەرپرسانی هەرێم لە ئەمریکا تۆمارکراوە.