هێزەكانی دەزگای هەواڵگریی سەربازیی عیراق لەماوەی یەك مانگدا زیاتر لە پێنج هەزار كەس بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەستگیر دەكەن.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایدەگەیەنێت، زیاتر لە 370 كەس لە دەستگیركراوەكان، چەكداری گرووپی تیرۆریستی داعش بوون.

عەمید میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق و شانەی راگەیاندنی ئەمنی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەماوەی مانگی رابردوودا، هێزەكانی دەزگای هەواڵگریی سەربازیی، بەهاوكاری تیمەكانی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی، زیاتر لە پێنج هەزار تۆمەتباریان لە ناوچە جیاجیاکانی عیراق دەستگیركردووە، كە بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەلایەن دادگاكانەوە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەركرابوو.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق ئاشكرایكردووە، لەناو دەستگیركراوەكاندا 371 كەس بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە گروپی تیرۆریستی داعش، بەپێی ماددەی چواری تیرۆر فەرمانی دەستگیركردنیان هەبووەو لەمیانی لێكۆڵینەوەكاندا سەرجەمیان دانیان بەوەداناوە كە كاریان بۆ داعش كردووە.

بەوتەی عەمید میقداد میری، لەمانگی رابردوودا هێزەكانی عیراق لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكان بۆ ریشەكێشكردنی پاشماوەكانی داعش، دوو حەشارگەی گەورەی ئەو گروپەی لەناوبردووەو دەستیشیان بەسەر ژمارەیەكی زۆر چەك و تەقەمەنیدا گرتووە.