ژمارەی ئەو کەسانەی لە ھێرشەکانی ئێسرائیلدا بۆ سەر کەرتی غەززە کە خەڵکەکەی بە زۆرەملێ برسی و تینوو کراون، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٨٣ کەس زیادی کردووە و بەرزبووەتەوە بۆ ٣٠ ھەزار و ٨٠٠ کەس.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە، لە ڕاگەیێندراوێکدا دوایین ئاماری قوربانیيانی ھێرشەکانی ئیسرائیلی خستووەتەڕوو کە ١٥٣ رۆژە بەردەوامە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ٨٣ هاووڵاتی دیکەی فەڵەستینی کوژران، بەمەیش ژمارەی کوژراون گەیشتووەتە ٣٠ ھەزار و ٨٠٠ کەس.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە ١٤٢ کەسی دیکە لە هێرشەکانی ئەم دواییانەدا برینداربوون و، تێکڕای ژمارەی بریندارەکان گەیشتووەتە ٧٢ هەزار و ٢٩٨ کەس.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، سوپای ئیسرائیل، نۆ کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە و، هێشتا بەشێک لەوانەی لە هێرشەکاندا کوژراون لە ژێر داروپەردووە ڕووخاوەکاندان یان لە کەناری ڕێگاوبانەکاندان و، بەهۆی ڕێگرییەکانی ئیسرائیلەوە ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن و تیمەکانی بەرگریی شارستانی ناتوانن دەستیان پێیان بگات.