باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەستپێکی دانوستانەکان سەبارەت بە کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەمریکا لەم وڵاتە ڕاگەیاند.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا، "ستیفن هاچن" باسی لە بارودۆخی سیاسی عێراق کرد.

وتیشی: دیموکراسی لە عێراق لە هەلومەرجێکی خوێناوی و لە سایەی بێ متمانەیی نێوان چین و توێژە جیاوازەکاندا لەدایک بووە. گەشبینم بە دۆخی ئەم وڵاتە.

باڵیۆزی بەریتانیا جەختی لەوە کردەوە: لە نێو گرژییە سیاسییەکانی عێراقدا شاهیدی ڕێبازێکی ئەرێنیین. ئەو کۆمەڵە کێشەیەی کە ئێستا عێراق ڕووبەڕووی بووەتەوە، باشترە لە دۆخی ساڵی ٢٠٠٣، ٢٠٠٩ یان ٢٠١٦.

وتیشی: ئێمە چووینە ناو دانوستان سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق. ئێمە نامانەوێت داواکەی حکومەتی عێراق لەو بارەوە تێپەڕێنین و دەمانەوێت پەیوەندی نوێ لەنێوان بەریتانیا و عێراق دروستبکەین.

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی عێراق چەندین جار جەختیان لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە بوونی هێزی بیانی لەم وڵاتەدا کردووەتەوە.