لیژنەی نەوت‌و گازو سامانە سروشتییەکان لەپه‌رله‌مانى عێراق هۆکارەکانی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە ئاشکرا ده‌كات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، عەدنان جابری ئەندامی لیژنەکە لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی مەعلومە ڕایگەیاندووە: "هۆکاری ڕاستەقینەی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ کێشەی تەکنیکیی دەگەڕێتەوە نەک کێشەی سیاسیی."

ئەوەشی وتووە:"تورکیا ڕەتیکردۆتەوە بەبێ ڕەزامەندیی بەغدا جارێکی تر ڕێگە بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بداتەوە".

هەروەک دەشڵێت:"لایەنی تورکیا بۆریەکانی هەناردەکردنی نەوتی داخستووە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی سزای نێودەوڵەتی نەبێتەوە، لەنێویاندا بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی پاریس".

ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەتی فیدراڵی نەگەیشۆتە فۆرمولەیەکی دیاریکراو لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەدەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت‌و گاز دەشڵێت:"یەکێک لەئاستەنگەکانی تر ئەو مۆدێلە ئابووریەیە کە حکومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرهێنان‌و هەناردەکردنی نەوت کردووە و جیاوازییەکەی لەگەڵ سیستەمی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نیشتمانیی نەوتی عێراق (سۆمۆ)".

باسی لەوەشکردوە، ئەو گرێبەستانەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا کردوویەتی یەکێکن لەبەربەستە دیارەکانی بەردەم دوبارە هەناردەکردنەوە لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.