ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: سەبارەت بە پرسی ئێران و ئەمریکا و توانەوەی هەژموونی وەهمی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عوسمان گوڵپی، کارناسی پرسەکانی عێراق و ناوچەکە بە هەواڵنێری مێهر وتی: لە ئێستادا ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دۆخی ئیحراجیدا، بەتایبەت لە عێراقدا کە هێرش دەکرێتە سەر بنکە سەربازییەکان و دۆستەکانیشی بەڵام وەك پێویست وەڵامێکی پێی نیە چ لە ناوچەکە و چ بۆ شەقامی ئەمریکی.
وتیشی: من پێموایە ئەمریکا باش دەزانێت لە عێراقدا پێگەی لاواز بووە و ئەوەی بڕیار دەدات لە عێراقدا نە ئەمریکایە و نەدۆستەکانیشی، بۆیە بۆ دەرچوون لەم ئیحراجیەی بۆی دروستبووە پێویستی بە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە هەیە کە دەکرێنە سەری، بۆ ئەمەش ڕێگایەکی گرتۆتەبەر کە کاردانەوەکانی گرژی زیاتر دروست نەکەن، واتە بەرامبەرەکانی لەوە تێگەیاندووە کە ئەم هێرشانە کاتی و سنووردارن.ئەمەش ترسە لە کاردانەوە و هەڵگیرسانی شەڕ کە دەزانێت شەڕ بە قازانجی تەواو نابێت.
زیادیشی کرد: هۆکارێکی تری ئەم هێرشانە بۆ کاریگەری دروستکردنە بۆ سەر شەقام و دەنگدەری ئەمریکی، دیموکراتەکان بۆ مانەوە لەدەسەڵاتدا و برنەوەی هەڵبژاردنەکان بۆ جارێکیتر دەیانەوێت بڵێن کە کوژرانی ڕۆڵەکانتان بێ تۆڵەکردنەوە نەبووە و ئەمریکا خاوەن بڕیاری ناوچەکەیە، دەیانەوێت بە دەنگدەری ئەمریکی بڵێن سیاسەتی بایدن لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سیاسەتێکی سەرکەوتوو بووە و ئەمریکای بە خاوەن هێز و بڕیارەوە هێشتوەتەوە.
هەروەها عوسمان گوڵپی سەبارەت بە مانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا وتی: لە دووساڵی ڕابردوودا هەندێك گۆڕانکاری ڕوویانداوە کە وایکردووە هەژمونی ئەمریکا لە ناوچەکە لە لاوازیدا بێت بە پێچەوانەوە نەیارانی ئەمریکا ڕوویان لە بەهێزبوون و جێگیری کردووە.
جەختیشی کرد کە مانەوەی ئەمریکا بەم شێوازە لەبەردەم چەندین گرفتی جدیدا دەبێت، گەر سەرنجی بوونی ئەمریکا بدەین لە ناوچەکە بەتایبەت لە ئەفغانستان و سوریە و عێراق، ئەوا وێنە گەورەکە پێمان دەڵێت ئەمریکا ڕووی لە لاوازی و شکست بووە نەك بەهێزی، بۆیە ئەوەی پێویستە ئەمریکیەکان بیکەن گەر لە پێناو پاراستنی گیانی سەربازەکانیشیان بێت دەبێت گۆڕانکاری لە سیاسەتیاندا بکەن و بازنەی دژەکانیان بچووک بکەنەوە و سیاسەتی رێککەوتن و لێکتێگەشتن پەیڕەو بکەن نەك بەریەكکەوتن.
ئەوەشی وت کە ئەمریکا لە ئێستادا ئەمریکا بەدوای بەریەککەوتن و هەڵگیرسانی جەنگەوە نیە بەتایبەت لە عێراق چونکە زەمینەی دۆڕانی زیاترە تا بردنەوە.