وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ڕایگەیاند: ئەمریکا بەدوای ململانێ لەگەڵ ئێراندا ناگەڕێت و هێرشەکان بەردەوام دەبن.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، جۆن کربی، وتەبێژ و ڕێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی ئەمریکی لە دوای لەشکرکێشی بۆ سەر عێراق و سووریا لە لایەن سوپای ئەمریکاوە وتی: ئەمریکا بەدوای ململانێ لەگەڵ ئێران نییە.

وتیشی: وەک سەرۆک کۆمار بەڕوونی ئاماژەی پێکردووە، درێغی ناکەین لە بەرگریکردن لە گەلەکەمان و هەموو ئەو کەسانە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکەین کە زیان بە ئەمریکییەکان دەگەیەنن، لە کات و شوێنێک بە خواستی ئێمە.

ئەم بەرپرسە باڵایەی کۆشکی سپی وتی: پەیامی ئێمە بۆ سوپای پاسداران و هێزەکانی تر ئەوەیە کە دەبێت هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا بوەستێت.

پێشتر بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی ڕاگەیاندبوو، ئەمریکا هێرش ناکاتە ناو ئێران و تەنها سەرنجی لەسەر ئامانجەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتەیە.