بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، شارەزایەکی بواری سەربازی رایگەیاند: سوپای عێراق و پێشمەرگە دەتوانن بەرەنگاری پاشماوەکانی داعش ببنەوە، بەڵام بۆ پاراستنی ئاسمان و نوێکردنەوەی چەک و کەرەستە سەربازییەکان هێشتا پێویستیان بە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا دەبێت، هێزی ئەمریکا و هێزەکانی دیکەی هاوپەیمانان لە چوارچێوەی رێککەوتنی دەوڵەتی فیدڕاڵیدا هاتونەتە عێراق، بۆیە لە ئەگەری کشانەوەیان هەرێم ناتوانێت رێگری بکات و بیانهێڵێتەوە.
جەبارە یاوەر شارەزای بواری سەربازی راگەیاند: ئێستا داعش ڕاستە مەترسی و هەڕەشەیە، بەڵام ئەو توانایەی 2014ی نەماوە، وە سوپای عێراق و دژە تیرۆر و پێشمەرگەش بە بەراورد بە 2014 بەهێزترن، بەڵام هێشتا کەموکوڕی هەیە لە سیستمی ئاسمانی هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە مەیداندا سوپای عێراق و پێشمەرگە دەتوانن ڕوبەڕوی داعش ببنەوە، بەڵام بۆ بەردەوام نوێکردنەوەی چەک و پێداویستییەکان هێشتا عێراق پێویستی بە ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، بوونی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان و ڕاوێژکارەکانیان لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق بووە لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانان بۆ هاتنیان بۆ عێراق و هاتنی هاوکارییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستانیش، بەپێی دەستوری عێراق و یاسا کارپێکراوەکان و خودی ئەو ڕێککەوتننامانە، هەرێمی کوردستان ناتوانێت ڕێککەوتن یاخود داوای مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بکات تەنها لە ڕێگای حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە نەبێت.